|
نوسینی:دانا عبدالعزیز سرێشمەیی لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ پەرلەمانی کوردستان بەکۆی دەنگی ٦٥ پەرلەمانتار کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەکانی کوردستانی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
لە ڕیفراندۆمدا گەلی کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە ڕویان کردە سندوقەکانی دەنگدان و لە سەدا ٩٣ ی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەنگیان دا بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان- عێراق.
گەڵی کوردستان لەم ڕۆژەدا یەکگرتوو و یەک هەڵوێست بە دەنگێکی زوڵاڵ بە قایمی بە گوێی دۆست و دوژمناندا بانگی سەربەخۆییان دا.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی ئیرادەی گەلێکی ستەم دیدە و بەش خوراوبوو، بەڵێی ڕیفراندۆم بەڵێ بوو بۆ بەدەستهێنانی مافە سروشتی و یاسایی و مرۆیی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان، نەخێر بوو بۆ دووبارە بوونەوەی کیمیاباران و ئەنفاڵ و بڕینی قوتی خەڵکی سڤیل و بێ تاوان.
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و داواکاردنی سەربەخۆیی وەک مافێکی سروشتی گەلی کوردستان، نە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ بوو نە پێچەوانەی دەستووری عێراق بوو، بەڵکو مافێکی ڕەوا و یاسایی دەیان ملیۆن کورد بوو.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، سەربەخۆبوون و دەوڵەتی کوردی لە خەون و هزری ملیۆنان کوردەوە بوو بە ڕاستی و پڕۆژەیەکی میللی کوردی.
لەم یادە پڕشکۆیەدا، سڵاو و ڕێز بۆ سەرکردە و پێشرەوی ڕیفراندۆم چییەکان سەرۆک(مسعود بارزانى) بارزانی دەنێرین، پەیمانی کورد بوون نیشتیمانی بوون و ( یان کوردستان یان نەمان)، دووپات دەکەینەوە.
دروود و سڵاو بۆ ڕۆحی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و شەهیدانی سەربەخۆیی.
ئەم هەواڵە 4039جار خوێندراوەتەوە |