ZNA - هەولێر لە درێژەی یارییەکانی هەفتەی دەیەمی خولی نایابی ئینگلتەرا و لە یاری لوتکە و دێربیدا، یانەی مانچستەر یونایتد و مانچستەر سیتی ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لە ئەنجامدا یانەی مانسیتی توانی یارییەکە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر شکست بە شەیتانە سوورەکان بهێنێت.
لە تایمی یەکەمدا، یانەی سیتی باشتر بینرا و هەردوو یانە چەندین هێرشیان بردە سەر گۆڵی یەکتر، ئەوەبوو ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ سیتیزن هەژمارکرد و هالاند لە خولەکی 26 بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرد و سیتی بەگۆڵێک پێشخست.
تایمی دووەم دەستیپێکردەوە و جارێکی تر یاریزان ئێریک هالاند گۆڵی دووەمی خۆی و یانەی مانچستەر سیتی لە خولەکی 49دا تۆمارکرد،
دوای ئەوە یونایتد چەندین گۆڕانکاری ئەنجامدا، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو فۆدین لە خولەکی 80 گۆڵی سێیەمی و دڵنیایی مانچستەر سیتی تۆمارکرد.
بەم سەرکەوتنە، یانەی مانسیتی توانی 24 خاڵ کۆبکاتەوە و پلەی سێیەمی ڕیزبەندیە بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ ئارسناڵی دووەم، مانیونایتدیش 15 خاڵی هەیە و پلەی هەشتەمی خولەکەی گرتووە.
ئەم هەواڵە 304جار خوێندراوەتەوە |