هەولێر – ZNA
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، پایتەختی رۆشنبیری کوردستان، بەشداری لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی چالاکییەکانی هەڵمەتی شانزدە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد. لە رێوڕەسمەکەدا، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبوو، چەند چالاکییەکی تایبەت بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوون. لە دیارترین ئەو چالاکیانە، نمایشکردنی کورتەفیلمی 7:30 و پانێلێکی تایبەت بە رۆڵ و کاریگەری هونەر لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و نمایشی پێشانگەیەکی شێوەکاری بوون. وەزیری رۆشنبیری و لاوان وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ تێکۆشانی ژنان لە دژی توندوتیژی و چەوساندنەوە، سوپاس و پێزانینی بۆ رێکخەرانی رێوڕەسمەکە و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی شازدە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەربڕی. لەسەر راسپاردەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ساڵانە لە رۆژی 25ی نۆڤێمبەر تا رۆژی 10ی دیسێمبەر، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان، هەڵمەتێکی شانزدە رۆژە بۆبەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بەڕێوەدەچێت.
پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی
پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی
هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس
Developed By: Omed Sherzad