ZNA - هەولێر کەناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر کاربەدەستانی پێنتاگۆن بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هێزی دەریایی ئەمەریکا 24 مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ڕۆژی سێشەممە خستە خوارەوە کە لەلایەن بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکانەوە لە یەمەنەوە ئاراستەیان کرابوو.
کەناڵی سی ئێن ئێن، لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە ڕایگەیاندووە، دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هێرشی حوسییەکان ئەمڕۆ ڕوویداوە.
ئەو بەرپرسانە پشتڕاستیان کردەوە، کە هێزی دەریایی ئەمەریکا وەڵامی "یەکێک لە گەورەترین هێرشەکانی حوسییەکانی داوەتەوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕوویداوە".
بەرپرسانی پێنتاگۆن بانگەشەی ئەوەیان کردووە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی حوسییەکان، کەشتیەکان زیانیان پێنەگەیشتووە، هەروەها هیچ زیانێکی گیانیش نەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، سێ کەشتی تێکدەر بەشدارییان لە خستنەخوارەوەی 24 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە.
پاتریک رایدەر گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند، باس لە ئەگەرەکان ناکەم سەبارەت بەوەی کە دەتوانین چی بکەین لەم ڕووەوە، بەڵام پێویستە ئەمە بە جددی وەربگیرێت.
حوسییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە چاودێری جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکەن لە دەریای سوور.
ئەم هەواڵە 190جار خوێندراوەتەوە |