ZNA - ههولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی بەرەو سویسڕا بەڕێکەوت کە لە میانیدا بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھان دەکات کە لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی بەغدای پایتەختی بەجێھێشتووە و بەسەردانێکی فەرمی بەرەو سویسرا بەڕێکەوتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سویسرا ، بەشداریکردنە لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھان کە لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، ٥٤ھەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیھان بە بەشداری چەندین کەسایەتی جیھانی لە داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەبچێت.
لە کۆڕبەندەکە نزیکەی ١٠٠ سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکوەزیران و میوانی فەرمی ئامادە دەبن، ھاوکات نزیکەی دوو ھەزار و ٨٠٠ کەسایەتیی سیاسی، ئابووری، زانستی، کەسایەتییە جیھانییەکان بەشدار دەبن.
کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی لە رۆژانی ١٥ تا ١٩ ئەم مانگە لە داڤۆس بەڕێوە دەچێت.
AA
ئەم هەواڵە 181جار خوێندراوەتەوە |