ڕوونە، دەکرێ هەر لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووسێکی مێژووبین، بگەڕێ و ئەو مێژووە تەتەڵە و شەن و کەو بکات، کە کورد ئیرادەی پێشکەوتنی بۆ ژیان چۆنە و ئەوانی تر چۆنن؟!..
بۆ بەرسڤی ئەم پرسیارە زۆر ماندوو نابین، کە بەڵێ کورد دەیەوێت بگۆڕێت و پێشبکەوێت و نموونەیەکی جیاواز پێشکەش بکات، کە ئەم ئیرادەیە، ئەم پێشکەوتن و پێشکەشکردنی نموونە جیاوازە، وای لە عێراق و دەوڵەتانی دەرودراوسێ کردووە. لەمپەر و گرفت و کێشە و ئاریشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.
چیرۆکی تاڵی ئەم کێشە دروستکردن و کێشەنانەوەیە بۆ هەرێمی کوردستان زۆرن و بەردەوامە، جا هەر جارە و بە بیانوو و پاساوێک، کە سەرجەمیان دوورن لە ڕاستییەوە، ڕاستییەکە ئەوەیە، کورد دەیەوێت نموونەیەکی باش پێشکەش بکات، کە ناکۆکە لەگەڵ نموونە خراپ، کە لە دەوڕووبەریدا هەن، دەوروبەرێک، کە دەوڵەتن و هێزیان هەیە و دەتوانن بە نووکە قەڵەمێک مووچە و بوودجە ڕابگرن، بە بڕیارێکیش مووشەکبارانمان بکەن، کەواتە کورد قوربانی نێوان باش و خراپە، نێوانێک کە جەدەلی مێژووە تا ئێستا، پرسیار ئەوەیە، کورد چی بکات باشە؟.. واز لە باشە بێنێ و وەک نموونە خراپەکان بێت؟.. یان بەردەوام بێت لە باشییەکان، وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە: کورد ناتوانێ خراپ بێت، چونکە قوربانی دەستی خراپەیە، بۆیە دەبێ سەرەتا لە ناوخۆیدا تەبا بێ و دواتر باشەکان بۆ پشتیوانیی خۆی کۆبکاتەوە، جا ئەو باشانە لە نێوخۆدا بێ، یا لە عێراق و دەرودراوسێ و نزیک و دوور.