English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت سێیەمین كۆنفرانسی نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم دەستیپێكرد
2024-01-28 [04:27 AM]

ZNA-ھەولێر


ئەمڕۆ یەكشەممە 1/28، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر، كۆنفرانسی نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.
لە كۆنفرانسەكەدا، سەرۆكی حكومەت گوتارێكی پێشكەش كرد و جەختی كردەوە كە پەیوەندییە دەرەكی و نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەو پێش چووە و گەشەی كردووە. ژمارەی كونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندان. سەرۆكی حكومەت ڕاشیگەیاند كە لە بەرنامەدایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە، زیاتر بكەین و لە چەند وڵاتێكی دۆست و گرنگ كە كونسولگەرییان لە كوردستان هەیە، نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم بكەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و كولتووری و زانستی و ئەكادیمی.
بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئامادەبووانی بەڕێز
بەیانیتان باش
زۆر بەخێر بێن
دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆنفرانسە. بەخێرهاتنەوەی هەموو نوێنەرەكانی حكومەت دەكەم. هیوادارم لە ڕۆژانی كۆنفرانسدا، گفتوگۆیەكی باش و بەرهەمدار بكرێت و ئەنجام و ڕاسپاردە و پێشنیارەكان، لە خزمەتی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەكانماندا بێت.

جێی خۆشحاڵییە كە پەیوەندییە دەرەكی و نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەو پێش چووە و گەشەی كردووە. ژمارەی كونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندایە، هەروەها لە بەرنامەماندایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە، زیاتر بكەین و لە چەند وڵاتێكی دۆست و گرنگ كە كونسولگەرییان لە كوردستان هەیە، نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم بكەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و كولتووری و زانستی و ئەكادیمی.
لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوی زۆر باشی ناوە، چ لە ڕووی سەردانی شاندی باڵای وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان یان بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لە كۆڕ و كۆڕبەند و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكاندا.
هەرێمی كوردستان، وەك قەوارەیەكی دەستووری و یاسایی لە عێراق، هەمیشە فاكتەری ئاسایش و ئارامی بووە لە عێراق و ناوچەكە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئامانجمان پەرەپێدان و بەهێزكردنی پەیوەندییە دەرەكی و نێودەوڵەتییەكانمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێز لەیەكترگرتن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەلماندوویەتی كە هاوبەشێكی گرنگ و كارای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لە چەندین بواردا، جێی بایەخی وڵاتانی جیهانە، بە تایبەتی كە هەرێمەكەمان ناوچەیەكی سەقامگیر و مەڵبەندی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە جیاوازەكانە.
هەرێمی كوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ هیچ لایەك و هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی درێژ كردووە. بۆیە پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاو بگیرێ‌ و بپارێزرێ‌ و پێویستە سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراق، ڕێزی لێ بگیرێت و پێشێل نەكرێت.

لێرەدا بە پێویستی دەزانین سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە بكەین كە هەر لە دوای دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و هاتنەكایەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بوون لە قۆناخە جیاواز و سەختەكاندا، بە تایبەتی لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش، پشتیوانیان لێ كردووین و بەردەوامیشن لە پشتیوانیكردنمان.
هەرێمی كوردستان شانازی بە پەیوەندی لەگەڵ دۆستە نێودەوڵەتییەكانی دەكات و پابەندبوونی خۆشی، بە پەرەپێدانی بنەماكانی دیموكراسی و بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان و سەروەری یاسا و هەموو بەها هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دیموكرات و پێشكەوتوو، دووپات دەكاتەوە.
بەڕێزان :
ئێمە ڕەوەندێكی بەهێز و گەورەی كوردستانیمان لە تاراوگە هەیە، كە ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان لەو وڵاتانەی لێی دەژین هەیە و لە هەندێك لەو وڵاتانە، لە بوارەكانی سیاسی و پەرلەمانی و زانستی و ئەكادیمیدا، خاوەن پێگەیەكی دیار و ڕێزلێگیراون و كەسانی بەهرەمەند و داهێنەر و بلیمەت و زانایان تێدایە. ئێمە شانازی بە دەستكەوت و سەركەوتنەكانی ڕەوەندی كوردستانییەوە دەكەین و هیوادارین نموونەیەكی جوان و گەشی كۆمەڵگەكەمان بن لە دەرەوە و ڕۆڵی گرنگی خۆیان، لە ناساندنی كولتووری كوردستانی و داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان بگێڕن و یارمەتیدەر و هاوكاری پرۆسەی ئاوەدانی و چاكسازی و بنیاتنانی ژێرخان و پێشخستنی كوردستان بن.
پێویستە نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە و ڕەوەندی كوردستانی، هەماهەنگی و هاریكاری و پەیوەندییەكی باشیان لە نێواندا هەبێت و نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم، ماڵی كوردستانییان بن و هەموو ئاسانكارییەكی پێویستیان پێشكەش بكەن و هەردوولا سوود لە یەكتر وەربگرن لە پێناو زیاتر ناساندنی دۆز و پرسی گەلەكەمان و دروستكردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە كە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان بێت.
بەڕێزان:
حكومەتی هەرێمی كوردستان ، لە ماوەی ڕابردوودا ، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەك، كێشە و ئاستەنگ بۆ پێشكەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیریی كوردستان دروست بكەن، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانمان، بەسەر هەموو كۆسپ و ئاستەنگەكان زاڵ دەبین، چونكە ئیرادەی میللەتەكەمان لە هەموو پیلانێك بەهێزترە. بۆیە لەژێر هیچ گوشارێكدا، دەستبەرداری مافەكانمان نابین.
لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسەكەتان دەخوازم و خوازیارم ئەنجامی باشی هەبێت و ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانمان.
هەر شاد و سەركەوتووبن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.





ئەم هەواڵە 406جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad