ZNA- هەولێر
هێرشە درۆنییەکەی ئەمریکا لە بەغدا تێیدا ئەبوباقر ئەلساعیدی، فەرماندەی باڵای چەکدارانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و ئەرکان عەلیاوی، یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کوژرا و لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئێراندا بێ ئەوەی باس لە هەڵوێستی فەرمیی ئێران برکرێت، رەنگی داوەتەوە.
میدیای ئێران هێرشی درۆنیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق وەسف دەکەن.
لەم هێرشەدا ئەبوباقر ئەلساعیدی، فەرماندەی باڵای چەکدارانی کەتائیبەکانی حزبوڵڵا و ئەرکان عەلیاوی، یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کوژرا.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێرانە و هەڵوێستی یەکەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق و گرووپی چەکداریی ئەهلی حەق و سەرۆکی فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراقی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت ئەمانە هەموویان هێرشەکە بە دوژمنایەتیی ئەمریکا لەگەڵ گەل و حکوومەتی عێراق هەژمار دەکەن و پێیان وایە ناوچەکە بەرەو لێکەوتەی مەترسیدار دەبات و داوای چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دووپات دەکەنەوە و جەختیش لە بەردەوامیی دانبەخۆداگرتنی بەرەی مقاومە لە ناوچەکەدا دەکەن.
تەسنیم کاردانەوەی بزووتنەوەی حەماس و جیهادییشی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت هێرشەکەی ئەمریکا بە دڕندانە وەسف دەکەن و پێیان وایە لە ناوچە پەرە بە گرژی دەدات و خزمەت بە ئامانجی ئیسرائیل دەکات.
ئاژانسی هەواڵی مێهریش هەڵوێستی سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای عێراق و گرووپی نوجەبای بڵاو کردووەتەوە کە هێرشەکە بە ناجوامێرانە و پێشێلکردنی خاک و خوێن و سەروەریی عێراق هەژمار دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی ئیرناش، کاردانەوەی ئەبووحسێن ئەلحەمیداوی، سکرتێری گشتیی گرووپی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و قەیس خەزعەلی، سکرتێری گشتیی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەقی بڵاو کردووەتەوە کە خەزعەلی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بە فەرمی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات هێزەکانی ئەمریکا خاکی عێراق بەجێ بێڵن.
ئاژانسە فەرمییەکانی هەواڵ لە ئێران تا ئێستا هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی ئەو وڵاتەیان بڵاو نەکردووەتەوە.
ئەم هەواڵە 214جار خوێندراوەتەوە |