English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک بارزانی: هاوبەشیی خەڵكی ئازیزی كوردستان لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا جێگەی رێز و تەقدیرمانە
2024-02-26 [08:27 AM]

ZNA- هەولێر


سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی پرسەی خاتوو زەکیا مستەفا بارزانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەکات بە ناوی خۆم و هەموو ئەندامانی خانەوادەی بارزانییەوە سوپاسی ئەوانە دەکات کە بەشداری پرسەکەیان کردووە.

رۆژی دووشەممە (26ـی شوباتی 2024) سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: هاوبەشیی خەڵكی ئازیزی كوردستان و دۆستانمان، لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا هەردەم جێگەی ڕێز و تەقدیرمانە. پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو خەڵكەی لە دوور و نزیكەوە هاتبوون و ئەركیان كێشا و لە خەمی ئێمە بەشدار بوون.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە: سوپاسی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شارۆچكەی سەڵاحەددین دەكەم كە لەو چەند رۆژەدا تەحەمولی زەحمەتی و قەرەباڵخیی پرسەكەیان كردووە، و میوانداریی خەڵكیان كردووە. هەروەها سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆ و تیمە تەندروستییەكان دەكەم كە ئەركی رێكخستنی ڕێگەوبان و ئاسایش و ئاسانكاریان بۆ میوانان لەسەر شان بوو.

دەقی پەیامەکەی سەرۆك بارزانی

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بە ناوی خۆم و هەموو ئەندامانی خانەوادەی بارزانی، سوپاسی بێ پایانی خۆمان ئاراستەی بەرپرسانی فەرمی و حكوومی و حزبیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان و پیاوانی ئایینی و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و سەرۆك و نوێنەری هۆزەكانی باشوور و ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق و نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاكادیمی و وەرزشی و فەرماندە و هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکان و هێزەکانی ناوخۆ و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و ڕاگەیاندنكاران و هەموو چینوتوێژەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و سەرجەم کوردستانییانی ئازیز لە هەر چوار پارچە و دەرەوەی وڵات دەكەم كە تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لە پرسەی خوشكی خوالێخۆشبوومان (زەكیا مستەفا بارزانی) و هاوسۆزی و هاوخەمیان دەربڕی و لە خەمی ئێمەیان كەم كردەوە.

هەروەها سوپاسی هەموو ئەو سەرۆك و بەرپرس و كەسایەتیی وڵاتان و دۆستانی بیانی و هەموو ئەو بەڕێزانەی دەرەوە و ناوخۆی كوردستان و عێراق دەكەم كە لە ڕێگەی تەلەفۆن و بروسكە و پەیامی سەرەخۆشی لە خەمی ئێمەدا شەریك بوونە.

هاوبەشیی خەڵكی ئازیزی كوردستان و دۆستانمان، لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا هەردەم جێگەی ڕێز و تەقدیرمانە. پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو خەڵكەی لە دوور و نزیكەوە هاتبوون و ئەركیان كێشا و لە خەمی ئێمە بەشدار بوون. لێرەدا سوپاسی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شارۆچكەی سەلاحەددین دەكەم كە لەو چەند ڕۆژەدا تەحەمولی زەحمەتی و قەرەباڵخیی پرسەكەیان كردووە، و میوانداریی خەڵكیان كردووە. هەروەها سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆ و تیمە تەندروستییەكان دەكەم كە ئەركی ڕێكخستنی ڕێگەوبان و ئاسایش و ئاسانكاریان بۆ میوانان لەسەر شان بوو.

لە خودای مەزن داواكارم خێری هەمووان بنووسێت و لە بەڵا و ناخۆشی دوور بن، ڕەحمەتی خودا لە كۆچكردووی هەموو لایەك بێت.

مسعود بارزانی
26ی شوباتی 2024





ئەم هەواڵە 202جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad