English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پارەی سوڵحی عەشایری نەبوو ، دوژمنەکانی کوشتیان 
2018-08-01 [02:32 AM]

ZNA- ھەولێر 



سەڵاح چەند جارێک "پیاوماقوڵ" و ریشسپی و مەلای نارد بۆ ماڵی دوژمنەکەی بۆ ئەوەی سوڵحی لەگەڵ بکەن، بەڵام ئەو پارەیەی لایەنی بەرامبەر بۆ سوڵحەکە داوایان دەکرد بە سەڵاح پەیدا نەدەکرا، دواجار لەلایەن دوژمنەکانیەوە بۆسەی بۆ دانرایەوە و کوژرا.

شەوی ٢٤/٧/٢٠١٨ پیاوێکی تەمەن ٤٩ ساڵ بەناوی سەڵاح محەممەد عەلی، دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ لە گوندی پەلکەڕەشەی سەر بە قەزاکە تەقەی لێکرا و کوژرا، دوای رووداوەکەش تەقەکەرەکان ھەڵاتن و تا ئێستا دەستگیرنەکراون.

سەڵاح تاقانەی ھەشت خوشک و خاوەنی پێنج کچ و دوو کوڕە، ئەو لە گوندەکەیان سەرقاڵی ئاژەڵداری بوو، بەڵام ساڵێک لەمەوبەر بەھۆی کوڕەکەیەوە تووشی دوژمنداری بوو، ئەگەرچی پێشتر چەند جارێک ھەوڵی دابوو سوڵح بکات، بەڵام بەھۆی داواکاریی لایەنی بەرامبەر ھەوڵەکانی سەریاننەگرت.

سابیر محەممەد ھاوڕێ و کەسی سەڵاحە، کوشتنی سەڵاح بە غەدر دەزانێت و دەڵێت ئەو پیاوە لەگەڵ سوڵح بوو نەک شەڕ، بەڵام نەیدەتوانی داواکاری دوژمنەکانی جێبەجێ بکات.

سابیر باسی کێشەی ماڵی سەڵاح و دوژمنەکانی دەکات و دەڵێت: "نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر کوڕەکەی سەڵاح لە چایخانەیەک لەگەڵ ھاوڕێیەکی خۆی بە ناوی (ئا.ف) دەبێتە دەمەقاڵێیان، (ئا) سەرەتا دەمانچە رادەکێشێت و تەقە دەکات، بەڵام کوڕەکەی سەڵاح پێوە نابێ، بۆیە پەیوەندی بە ئامۆزاکەیەوە دەکات و دەمانچەی بۆ دەھێنێت و تەقە دەکەن و گوللەیەک بەر قاچی (ئا) دەکەوێت. دواتر (ئا) بۆ چارەسەر رەوانەی ئێران دەکرێت و چاک دەبێتەوە".

سەڵاح چەند جارێک کەسانی ئاینی و حیزبی دەنێرێت بۆ سوڵح، بنەماڵەی (ئا) رازی دەبن سوڵح بکەن، بەڵام داوای ١٠٠ ھەزار دۆلار لە سەڵاح دەکەن، ماڵی سەڵاحیش ئەو پارەیەیان پێنادرێت و داوایان لێدەکەن بە ٥٥ ھەزار دۆلار لەگەڵیان رێکبکەون، بەڵام ماڵی (ئا) رازی نابن.

ماڵی سەڵاح و ماڵی (ئا) چەند جارێک بەرەوڕووی یەکدی دەبنەوە و تەقە لە یەکدی دەکەن، تاوەکو شەوی ٢٤/٧/٢٠١٨ سەڵاح بۆ کارێک دەچێتە گوندەکەی خۆی، بەڵام بۆسەی بۆ دادەنرێتەوە و دەکوژرێ.

عەقید خەیروڵڵا عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەرەھەنجیر گوتی : "کاژێر پێنجی بەیانی رۆژی ٢٤/٧/٢٠١٨ کەسێک بەناوی (سەڵاح محەممەد) لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە نزیک قەرەھەنجیر لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپترا بە دەمانچە تەقەی لێدەکەن و دەیکوژن". گوتیشی "ئەوان ناسیاوی یەکدین و ھەردووکیان دانیشتووی چەمچەماڵن، پێشتر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا ھەبووە".

پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و چووەتە شوێنی رووداوەکە، حەوت قەوانی گوللەی دەمانچەی ھەڵگرتووەتەوە. سەبارەت بە بکوژانی سەڵاح، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەرەھەنجیر گوتی "چەکدارەکان ھەڵھاتوون و ھێشتا دەستگیرنەکراون، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە". 

بەپێی زانیارییەکان لەکاتی رووداوەکەدا کەسێک لەگەڵ سەڵاح بووە کە خزمیەتی، بەڵام ئەو رزگاری بووە.

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 123034جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad