English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کوڕێک بەھاندانی باوکی ، دایکی خۆی دەکوژێت 
2018-08-13 [11:10 AM]

ZNA – ھەولێر 



دوای شەش مانگ خۆحەشاردان، دواجار عەبدولستار کەوتە دەستی پۆلیس. ئەو پیاوە کوڕە ١١ ساڵانەکەی خۆی ھاندابوو بۆ کوشتنی دایکی و ئەو پیاوەی لە دوای جیابوونەوەی لە عەبدولستار، شووی پێکردبوو.

عەبدولستار عەلی، تەمەن ٦٨ ساڵ، بەدەم ئازاری قاچیەوە بەرەو زیندان رێی دەکرد، چونکە مانگێک لەمەوبەر لە رووداوێکی ھاتوچۆدا قاچی شکاوە، بەڵام ئەو ئازاری ویژدانی زیاتر بوو لە ئازاری قاچی، کە بەناحەق، ژنی سێیەمی بەرەو مەرگ برد.

رۆژی یەکی شوباتی ئەمساڵ، سەناریا محەممەد، تەمەن ٣٧ ساڵ، ھاوژینی پێشووی عەبدولستار، لەلایەن یونس عەبدولستاری تەمەن ١١ ساڵانەوە کوژرا، یونس دەستگیرکرا، عەبدولستاریش کە ھاندەری کوڕەکەی بووە، خۆی شاردەوە، تاوەکو رۆژی ٧/٨/٢٠١٨ دەستگیر کرا.

عەبدولستار تەمەنی ١٩ ساڵان بووە کە ھاوسەرگیری لەگەڵ سەعدیەی کچی پووری کردووە. ئەوان خاوەنی نۆ منداڵ بوون. دواتر بەبێ پرسی سەعدییە ژنێکی دیکەی ھێنا بەناوی نازەنین. عەبدولستار دەڵێت "نازەنین ١٧ ساڵ لە خۆم بچووکتر بوو، بەبێ رەزامەندی سەعدیە ھێنام. بۆیە سەعدیە بەبێ جیابوونەوە گوتی چیتر نەیەی بۆ لامان و وازمان لێبێنە".

عەبدولستار سێ منداڵی لە نازەنین ھەبوو کاتێک بڕیاری دا ژنی سێیەم بھێنێ کە ٣٠ ساڵ لە خۆی بچووکتر بوو، سەناریا محەممەد، پێشتر شووی کردبوو، بەڵام جیاببووەوە. عەبدولستار گوتی: "سەناریا خەڵکی کەرکووک بوو، لە ماڵی ھاوڕێیەکم بینیم، من بە قاتی شاڵ و بۆیاخی سەروسمێڵەوە کەسێکی شیک بووم. پارەشم ھەبوو. سەناریا پێیگوتم من بێکەسم، بەس تۆ رازی بیت شووت پێدەکەم".

عەبدولستار چاوی پڕ دەبێت لە فرمێسک و دەڵێت: "ئەگەر سەناریا خیانەتی لێنەکردبام، قیمەتی تەواو نەدەبوو لە جوانی و چاکی، زۆر گوێڕایەڵ و بێ کێشە بوو، بەڵام بەھۆی ھامشۆکردنی ئارایشگایەک ژنەکەم دڵی گۆڕا، خاوەنی ئارایشگاکە سەناریای ھاندابوو لە من جیابێتەوە و شوو بە براکەی بکات کە ناوی تەیب بوو". 

گوتیشی: "تەیب بەئاشکرا یەخەی گرتم و گوتی دەبێت لە ژنەکەت جیابیتەوە، چونکە خۆشمدەوێت".

سەناریا لە دادگا سکاڵا لەسەر عەبدولستار تۆمار دەکات و لێی جیادەبێتەوە، پاشان شوو بە تەیب دەکات. دوای نۆ مانگ یونس و براکەی داوا دەکەن دایکیان ببینن.  

یونس لە وتەکانیدا بۆ پۆلیس گوتوویەتی: "باوکم سێ مانگ لێیدام تا فێربووم چۆن تفەنگ بەکاربێنم، پلانی کوشتنی دایکم و مێردە تازەکەی خستە مێشکمەوە، دوای ئەوەی دایکم رازی بوو من و براکەم بباتە لای خۆی، رۆژی ١/٢/٢٠١٨ لەکاتی خەودا ھەر بە کڵاشینکۆفەکەی تەیب ھەردووکیانم کوشت".

دوای ئەوەی یونس لەلای پۆلیس دان بەوەدا دەنێت کە باوکی ھانی داوە بۆ ئەو تاوانە، فەرمانی گرتن بۆ عەبدولستار دەردەچێت، بەڵام ئەو بەرەو کەرکووک ھەڵدێت و لەوێش نزیکەی مانگێک پێش ئێستا چوارەم ژن دەھێنێ. دوای شەش مانگ لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای عەبدوستاردا، پۆلیسی کەسنەزان لە رۆژی ٧/٨/٢٠١٨ دۆزییانەوە و دەستگیریان کرد.

ژنی چوارەمی عەبدوستار کە زانیویەتی ھاوژینەکەی تۆمەتبارە و دەستگیرکراوە، بەجێیدەھێڵێ، ئێستا یونس و باوکی لە زیندانن و بەپێی ماددەی ٤٠٦ سزادراون، دادگا سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی بۆ یونس و بەندکردنی ھەتاھەتایی بۆ عەبدولستار دەرکردووە. یوسفی برا بچووکی یونسیش بەھۆی تاوانی باوک و براکەی، لەسەر جادە رۆژ دەکاتەوە.

دایک و خوشکەکانی سەناریا لە پیاوە قۆزە شاڵ لەبەرەکە رامابوون کە بە شەش مانگ بووە بە پیاوێکی لاواز و پیر، ئەوان داوایان دەکرد یاسا مافی کچەکەیان وەربگرێتەوە. دایکی سەناریا لەکاتی بینینی عەبدولستاردا گوتی "چۆن دڵت ھات ئەو ژنە وا لێبکەی، چۆن دوو گەنجت خستە ژێر خۆڵ؟". عەبدولستار دەگریا و سوێندی دەخوارد کە ئاگاداری ئەو رووداوە نییە و کوڕەکەی ماڵی ھەردووکیانی وێران کردووە.

سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 135823جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad