ZNA-ههولێر
لە ئاکامی ھەڕەشەو پەلامارە کتو پڕەکانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر گوندەکانیان، گوندنشینانی دوو گوندی سەر بە قەراج گوندەکانیان چۆل کرد
لەمبارەیەوە کۆمار مەجید، کارگێڕی لیژنەی ناوچەی مەخموری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: بە ھۆی ھەڕەشەکانی داعش لە سنووری ناحیەی قەراج، ھاوڵاتیانی دوو گوند ماڵ و زێدی خۆیان بە جێھێشت.
ڕاشیگەیاند: بەھۆی بێزاربوونی گوندنشینان لە بە زۆر دانی باج و پیتاک و خۆراک و ئاژەڵەکانیان بە چەکدارانی داعش، بە ناچاری شەوی ڕابردوو گوندەکانیان چۆلکردووە.
کۆمار مەجید گوتیشی: ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانیان و لە غیابی پێشمەرگەشدا گوندنشینان ناتوانن لە سەرو ماڵی خۆیان دڵنیا بن.
ھەروەھا گوتیشی: ھێزە عێراقییەکان و پۆلیسی فیدڕاڵ توانای پاراستنی ناوچەکەیان نییە و ناتوان ئاسایش لە ناوچەکەیاندا بەرقەرار بکەن، ئەمەش وای کردووە چەکدارانی داعش ئەو ھەلە بقۆزنەوە و ھەڕەشە لە گوندنشینە کوردەکانی سنووری قەراج بکەن.
KTV
ئەم هەواڵە 66568جار خوێندراوەتەوە |