English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە دوو ساڵەی سەرۆکایەتیدا..
2021-06-09 [08:24 AM]

نووسین: ئاریان فەرەج



روانگای سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ چارەی کێشەکانی ھەولێر بەغدا

 بەر لە دوو ساڵ و لە ووتاری دەستبەکاربوونیدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، چارەی گرفتەکانی نێوان ھەولێر بەغدای وەک بەشێک لە ئەرک و ئەجیندای خۆی ناساند.. روانگای  خۆشی بۆ چارەسەر خستەڕوو کە بەرمەبنای دانوستان و دەستورسالاری و گەڕانەوە بۆ پرنسیپەکانی شەریکایەتی و سازان و ھاوسەنگی و لێتێگەیشتن و جێبەجێگردنی راستەقینەی سیستمی فدڕالییە. جیا لەم نەخشە ڕێیە، نە لەبەردەم بەغدا و نە لەبەردەم ھەولێردا بژارە و ئاسۆ و دەرەتانێکی  دیکەی چارەسەر بەدیناکرێت.   
نێچیرڤان بارزانی لەو پێناوەدا دەستپێشخەر بوو، لە بری جارێک، چەندی پێوویست بوو سەردانی بەغدای کرد. لەوێش ھیچ کەسی نەبوارد و ھەمووانی دواند. بێ ھیچ ھەڵاوێردێک لەگەل کۆک و ناکۆک، میانڕەو و توندئاژۆ، دۆستانی دوێنێی خەباتی ھاوبەش دژی دیکتاتۆریەت وھەڵکەوتوانی ئەمڕۆش کەوتە گفتوگۆ. ئەوراستییەشی بوێرانە قبوڵکرد کە نەوەیەکی نوێی سیاسەت لە عێراقدا ھاتونەمەیدان کە یادەوەری ھاوبەشیان لەگەل خەباتکارانی دوێنێ نیە و بۆیەش دەبێ بە لۆژیکێکی تازە بدوێنرێن. 
سەرۆک نێچیرڤان لەدەسپێکی ھەوڵەکانیەوە، چاوی لە چارەیەکی بنەڕەتییە کە لەیەککاتدا ئاسودەیی بۆ کوردستانییان و ئۆقرەییش بۆ عێراق بێنێتەدی. چارەیەکی ھەمیشەیی نەک کاتی و بێ متمانە و بەرھەڕەشەی ھەڵوەشانەوە و پاشگەزبوونەوە. ھەر لەو پێودانگەشەوە بوو لەسەرەتاوە ئەو تێگەیاندنە ھەڵەیەی لای شەقامی عێراقی راستکردەوە کە گوایە کوردستان تەنھا بۆ مافە ‌دەستوری و وبەرکەوتە ئابورییەکانی خۆی روودەکاتە بەغدا وھیچ بە خەمی کێشەکانی باقی عێراقەوە نییە. ھاوکات وویستیشی ئەو پەیامە بە ھەموو لایەک بدات کە نیاز وھەنگاو بەرەو چارەی راستەقینە، ھەرگیز بە قۆڵی یەکدی بادان، یەکتر غافڵاندن و یەکدی بوغزاندن، دەستی دەستی، ژیاندنەوەی ھزری شۆڤێنی، بەگژیەکداکردنی شەقامەکان، بە شانی خۆ تەکاندن لە خەتا وشانی بەرامبەر رەتاندن بە خەتا، نایەتەدی. 
نێچیرڤان بارزانی لە دوایین سەردانیدا بەرپەری بوێرییەوە گووتی: ھەموومان لە رابردوودا ھەڵەمان کردووە، داننان بەو ھەڵانەدا باشترین گەرەنتییە بۆ دوبارەنەکردنەوە و سوودلێوەرگرتنیان. 
ئەو  بەو راشکاوی و مامەڵە بوێرانەیەی لەگەڵ چەمکی ھەڵەدا، وویستی سەرکردە عێراقییەکان ھانبدات لە لای خۆیانەوە دان بەھەڵەکانیاندا بنێن، ھەڵە سیاسییەکانیان و ھەڵە و شکستیان لە ئیدارەدانی ووڵاتدا. تا چیتر شەقامی خۆیان نەگەوجێنن و خەتای شکست و کورتھێنان و ناشایستەیی خۆیان نەھاوێنە ئەستۆی کوردستان. ھەر بەو راشکاوی و راستگۆییەش، زەمینەی دانوستانی بەرھەمدار و چارەسەری جددی و کردنەوەی لاپەڕەی نوێ واڵا دەبێت. ھەر لەو زەمینەیەشدا  دید و تێگەیشتنی ھاوبەش بۆ  کێشەکان وچارەسەرکردنیان دێنەئاراوە. 
لە روانگای چارەسەرخوازانەی نێچیرڤان بارزانیدا نە ( شکست و پاشاگەردانی و قەرانباریی بەغدا) بە خێر و قازانجی کوردستان دەشکێتەوە، نە ( ئابڵوقەدانی کوردستان و ھەژارکردنی خەڵکەکەی و ئینکاری مافە دەستورییەکانی)ھەیبەت و ھێز و سیادەت بۆ بەغدا دەگێڕێتەوە. نە ئەوان بە ئیفلیجکردنی گەشەی کوردستان، گەشە دەکەن، نە ئێمەش لە ژیر ئاستەنگ و ئابڵوقەی ئەواندا دەتوانین بەردەوامی بەگەشەی کوردستان بدەین.
 ئەو پێیوایە کوردستان دەبێ لە قوڵاییە ستراتیجییەکەی کە عێراقە، ھێزوپشتیوانی دەستەبەر بکات و بۆیەش دەبێ بە گەڕانەوەی سەروەری و پێگەو ئیرادە  بۆ عێراق و بەھەر پێشکەوتن و بەرەوپیشچوون و تەنانەت قیرتاوکردنی شەقامێکی شارێکی باشور، دڵخۆش بێ. لەبەرامبەریشدا دەبێ بەغدا جیا لە قبوڵکردن و پیادەکردنی فیدرالیزم بە مانا راستەقینەکەی و و کۆتاییھێنان بە نکۆڵی لە مافە دەستورییەکانی کوردستان، گەشە و پێشکەوتنی ھەرێم بە گەشەی بەشێکی ووڵاتەکەی بزانێ و ئافەرین و پشتیوانی لێبکات. ھەر بەم روانگەیەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ووڵاتانی دۆست ھاندەدرێن بێنە ناو ووردەکارییەکانی ئەو پرۆسەیە و ببنە یاریدەدەری سەرخستنی دانوستانەکانی ھەولێر و بەغدا.  
دوو ساڵە و ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێم بێ ماندووبوون و نائومێدبوون بەردەوامن.. سەرباری ئاستەنگە سەختەکان، دانوستان بە بنبەست نەگەیشتووە و جیھانیش پاڵپشتە بۆ گەیشتنی بە ئەنجامی کۆتایی.. ئەنجامێک کوردستانێکی بەھێز و بێ قەیران لە عێراقێکی سەقامگرتوودا بەرقەرار بکات..  





ئەم هەواڵە 13087جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad