English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پارتی دیموكراتی كوردستان و سێ چاڕەگە سەدە لەخەبات و بەرخودان
2021-08-13 [11:48 AM]

نووسینی: نازم شێخانی


 

وا نزیك دەبینەوە لە پێشوازی كردنی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەم حزبە كە نزیكەی لە سێ چارەگە سەدەیە خەبات دەكات لە پێناو بەدی هێنانی ئامانجە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بەبێ جیاوازی ئاینی و زمان و كلتور، پارتی دیموكراتی كوردستان سەرمەشقی شۆڕش و بەرخودان بووە هەر ئەو كاتەی میللەتی كورد پێویستی بەخەباتی چەكداری بوو، سەرجەم دەنگ و رەنگە جیاوازەكانی كۆكردنەوەو شۆڕشێكی گەورەی بەرپا كرد ئەویش شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكان بووە لەسەردەمی (شێخ ئەحمەدی بارزان و شێخ عەبدولسەلام بارزانی) تاكو دەگاتە شۆڕشی مەزنی ئەیلول.
مێژووی راپەڕین و شۆڕش لە كوردستان سەرەداوێكی كۆنی هەیە، بەڵام لە مێژووی نوێی عێراق زەقتر بۆتەوە، تەنانەت لە ساڵی (1931) لە بارزان و ناوچەكانی دەوروبەری پشێوی سەری هەڵدا، ئەویش لەئەنجامی هێرشێكی هەردوو سوپای هاوبەشی عێراق و بەریتانیا لەدژی كورد، بۆیە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (1931) شاندێكی باڵای ئینگلیزو عێراق سەردانی ناوچەكە دەكەن و چاویان بە (شێخ ئەحمەد بارزانی) دەكەوێت و بەناوی حكومەتی عێراق داوای راگرتنی راپەڕینەكەی لێدەكەن، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو، دواتریش لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵ هێرشی كردە سەر  هێزی عێراق .
ململانێ‌ لەگەڵ (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) تاكو ساڵی (1933) بەردەوام بوو.
 لەبەرواری (16/8/1946) پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی (موستەفا بارزانی)  دامەزراو دوای ئاڵۆز بوونی دۆخی كوردستانی عێراق، ( بارزانی نەمر) لە شاری مەهابادو لەگەڵ (قازی موحەمەد) بەشداری بنیاتنانی كۆماری مەهاباد دەكات، بەڵام لە دەرەنجامی كۆمەڵێك هۆكار كۆمار رووخاو قازی موحەمەدو هەڤاڵەكانی لە گۆڕەپانی چوارچرا لە سێدارە دران، پاشان بارزانی نەمر لەگەڵ هاوڕێیانی پەنایان بردە بەر یەكێتی سۆڤیەت و دوای مانەوەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ و دوای كودەتای بەعسییەكان بەسەر بنەماڵەی پاشایەتی لە (14/7/1958) و هاتنە سەر دەسەڵاتی (عەبدولكەریم قاسم) بارزانی نەمر لە سۆڤیەتەوە دەگەڕێتەوە عێراق وەک ئەندازیاری ئاشتی  پەیوەندیەكانی لەگەڵ عێراق ئاسایی دەبنەوە، بەڵام دوای تیرۆركردنی یەكێك لەسەركردە كوردەكان لەلایەن دەسەڵاتەكەی (عەبدولكەریم قاسم)، پارتی نامەیەكی ناڕەزایی پێشكەش بە حكومەتی بەغدا كردو دواتر پەیوەندییەكانی نێوان قاسم و كورد ئاڵۆزی تێكەوت و كورد بەغدای جێهێشت و دواجار لە (11 ی ئەیلولـی 1961) جەنگ هەڵگیرسا لەنێوان پێشمەرگەو هێزەكانی سوپای عێراق، جەنگ بەردەوام بوو دوای كەوتنی حكومەتەكەی قاسم، بەڵام لەگەڵ هاتنی حكومەتی نوێ دەسەڵاتدارێتی بەغدا ئاگر بەستی راگەیاند لە (5/5/1963). 
لە ڕووی نەتەوایەتیەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك یەكێك لە دێرینترین حزبی كوردستانی جیاواز لە پرنسیپە حزبیەكان لەنێو كڵپەو ئازاری نەتەوەی كورد لەدایك بووەو ئازارو خەمەكانی بەخەمی خۆی زانیوە بەبێ ئەوەی جیاوازی بكات، كوردستانی بوون تاكە ناسنامەی نەتەوەیی بووەو هەر بۆیە پێشەنگی زۆرێك لە حزبەكان دەكات. 
لەڕووی ڕاگەیاندن پارتی دیموكراتی كوردستان هەرزوو دركی بەوە كرد پێویستە ڕاگەیاندنێك هەبێ و بتوانێت ئازارو مەینەتیەكانی بگەیەنێتە تەواوی میللەتان و جیهان، ئەمەش وای كرد ببێتە خاوەنی یەكەم ئێزگەی كوردی، بووە زمانحاڵی پێشمەرگەی كوردستان و كارو چاڵاكیەكانی پێشمەرگەی دەگەیاندە سەرجەم تاكی كوردستان، پاشان لە (4/4/1959) رۆژنامەی خەباتی دەركرد، وەك ئۆرگانی فەرمی پارتی و چەند جارێكیش وەستێندراوەو تاكو ئێستاش بەردەوامە.  
لەخەباتی دەوڵەتداری لەمەشیان پارتی دیموكراتی كوردستان سەر مەشق بووە، لە قۆناغی ئاوەدان كردنەوە توانی كارێكی گەورە بكات، هەر دوای ڕاپەرینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان پارتی لەهەوڵی بونیادنانی هەرێمێك بووە كە سەرمەشق بێت لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەرچی زۆر بەربەستی بۆ دروستكرا لەوانە شەڕی نەگریسی برا كوژی.
لەڕووی نێو دەوڵەتی، پارتی دیموكرات لەمەشیان پێشەنگ بووەو وەك حزبێكی نێودەوڵەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ و خاوەن سەركردایەتیەكی بەهێزە ئەمەش وایكردووە لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ. 
پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی كاریگەری گۆڕەپانەكە بووە بەسەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی و  بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێكشكاند لەمەشیان بووە سەرمەشق لە پارێزگاری كردن لەخەڵك و خاكی كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان تاكە هێزی سیاسی بووە سازشی لەسەر یەك بست لەخاكی كوردستان نەكردووە، هەر ئەمەش وای كردوە قوربانیەكی زۆر بدات لە پێناو مانەوەی ناسنامەی كوردی و كوردستانی بوون لەناوچە دابڕێندراوەكان.
پیرۆز بێ (16) ی ئاب ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ساڵیادی حزبی شەهیدان و بەرخودان.





ئەم هەواڵە 10690جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad