English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پێگەی بەهێزی كوردستان بۆ رووبەرووبوونەوەی رووداو وپێشهاتەكانی بەردەمی
2021-08-19 [02:53 AM]

نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی


پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بونیادنانی عێراقێكی نوێ‌ لە ساڵی 2003، تاكە ناوچە لەم وڵاتە كە تیادا توانرا سەقامگیریی ئەمنی بەرقرار بێت بەراورد لەگەڵ شار و ناوچەكانی دیكەی عێراق لە ڕووی گەشەسەندنی ئابووری و ژێرخانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، هەرێمی كوردستان – عێراقە. ئەم سەقامگیرییە ئەمنی و ئابوورییە، بووە هۆی ڕاكێشانی دەیان كۆمپانیای جۆراجۆری و بەتایبەت  جیهانیی وزە و بوارەكانی دیكە بۆ ئەم ناوچەیەی عێراق. بەڵام لە هەمان كاتدا، بەتایبەتی پێشكەوتنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بووە هۆی ئیرەیی و ناڕەزایی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عێراق ئەوانەی كە چاویان بە هەرێمی كوردستان هەڵنایەت. چونكە ئەوان بەهۆی گەندەڵی و ناسەقامگیریی ئەمنییەوە نەیانتوانیوە نیوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە لە هەرێمی كوردستان پێشكەش بە گەلەكەی كراوە و وەك ئەرك وبەرپرسیاریەتیی ئەوان، پێشكەشی شارەكانی دیكەی عێراق بكەن؛ لەگەڵ ئەوەیشدا هەر چەندە كە بوودجە تەرخانكراوەكان بۆ ئەم شارانە بەراورد بە هی هەرێمی كوردستان، زۆر زیاترە.
بۆیە ،‌ دەسەڵاتدارانی بەغدا  بە شێوەیەكی پیلان داڕێژراو دەستیان برد بۆ بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان بە بیانووی ڕادەست نەكردنی نەوتی دەرهێنراو‌ لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. لە كۆتایی مانگەكانی ساڵی 2013وە بەغدا بە مەبەستی دروستكردنی گوشاری ئابووری بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بڕیاری بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی دا.  ئامانجی ئەم هەنگاوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بریتی بوو لە سستكردن و خاوكردنی ئەو پێشكەوتنە ئابوورییە كە هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینیبووی و، بەمەیش توانییان تا ڕاددەیەكی بەرچاو ئەم ئامانجه بپێكن. بەڵام لەگەڵ سەرجەم ئەم هەوڵ وگوشارە ئابوورییانەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، دیسان هەرێمی كوردستان بەراورد بە شارەكانی دیكەی عێراق تا ڕاددەیەك باشترە.
دەسەڵاتدارانی بەغدا بە گوشار و گەمارۆی دارایی و ئابووری نەوەستان، بەڵكوو دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری2017  ، پیلانیان داڕشت بۆ ئەوەی بگەنە سنووری هەرێمی كوردستان و خۆیان نزیكی هەولێری پایتەخت بكەن. ئێستا لە لای كەركووك و دیالە و مووسڵەوە میلیشا لەیاسادەرچووەكانی سەر بە لایەنە سیاسییەكانی عێراق، توانیویانە بگەنە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی هەڕەشە لەو سەقامگیرییەی هەولێری پایتەخت بكەن كە چەندان ساڵە هەم لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەمیش لەلایەن وڵاتە بیانییەكانی دیكەوە ستایش دەكرێت. بۆ ئەم مەبەستە بە قۆناغ و بە هاوكاری وڵاتێكی دراوسێ، هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان  بووەتە ئامانجی پەڵاماردانە ڕاستەوخۆی چەند میلیشایەكی لەیاسادەرچوو و، سەرەتا بە مووشەك هێرشیان كردە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر بە بیانووی بوونی سەربازی ئەمریكی لەم ناوچەیەدا؛ دواتر لە دوایین هێرشەكاندا گۆڕانكارییەكی بەرچاو لە شێوازی هێرشەكاندا ڕووی داوە كە دیارترینیان گۆڕینی‌ هێرشی مووشەكییە  بە درۆن. بەم شێوەیە گرنگترین خاڵ كە هەرێمی كوردستان شانازیی پێوە دەكات سەقامگیرییە،‌ كەچی ئێستا ئەویش بۆتە ئامانجی میلیشا لەیاسادەرچووەكان بە هاندان و یارمەتی و ئاراستەكردنی وڵاتێكی دراوسێ. لێرە ئەم پرسیارەمان بۆ دروست دەبێت: بۆچی میلیشا لەیاسادەرچووەكان هەولێری پایتەخت دەكەنە ئامانج؟ خۆرادەستنەكردنی پارتی و سەركردایەتییەكەی بە بەغدا و تاران و جێبەجێنەكردنی نەخشە وپپلانە خۆپەرەستانەكانیان لە ناوچەكە ، هاوشێوەی زۆرێك لە هێزولایەنە عێراقیییەكان و چەند لایەنێكی تر لە نێوخۆیی هەرێمی كوردستان . بەتایبەت كە ئێران بە هۆی گوشارەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێو گوشار و مڵمڵانێیەكی قورس و سەختدان ، بەپەڵاماردانی ئەمەریكاو هاوپەیمانانی دەیهەوێت گوشار و سزاكانی و گەمارۆكانی سەری كەم بكاتەوە ، بەتایبەت كە پێیوایە ، ئیدارەی جۆبایدن نەرمییەكی زۆرتر بە بەراوەرد لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر بە ئێران پیشان دەدات .
بۆ ئەم مەبەستە لە رێگەی عێراق، سوریا و یەمەن ، بەردەوام ئەو پەیام و گوشارانە بۆ ئەمەریكا دەگوازێتەوە، هەروەها هەولێری پایتەختی كوردستان كە لە سەر ئاستی عێراق ناوچەیەكی كاریگەرە و گرنگە بۆ ئەمریكا؛ هەروەها یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی پەیامی تاران ڕاستەوخۆ بگاتە واشنتۆن؛ بۆیە لەوانەیە یەكێك لە هۆكارەكانی هێرشكردنە سەر هەولێر، بۆ ئەم مەبەستە بێت.
بەتایبەت كە شەڕ و مڵمڵانێیی ئێستای ئێران وئەمەریكا لە رێگەی مووشەك و فرۆكەی بێ‌ فرۆكەوانە و زیانی گیانی لەكاتی هێرش و پەڵاماردانەكان دا كەمترە و زۆرێك لەو فرۆكانە لەلایەن سیستەمی رٍادارەوە ئاشكرا نابن . بەتایبەت ، ئەگەر سەیری دوا هێرشەكانی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر بكەین، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە واشنتۆن بەڕاستی نیگەران بووە لەبەر بەكارهێنانی درۆنەكانی ئێران لەسەر ئەم ئاستەی ئێستادا كە بووەتە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەربازانی ئەمریكا. كەواتە هۆكارێكی دیكە لە هۆكارەكانی هێرشكردنە سەر هەولێر لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن، بریتییە لە نمایشكردنی تواناكانی تاران لەسەر ئاستی درۆنەكان و مەترسی  دروستكردنی خستنە سەر ئاسمانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان .
لایەنە سیاسییە شیعەكان بە شێوەیەكی بەرچاو لەسەر ئاستی عێراق لە ڕووی سیاسییەوە دوچاری شكستێكی گەورە بوونە و خەڵكیش تا ڕاددەیەكی زۆر بێزار بوونە لێیان و، ئەوان بە هۆكاری سەرەكیی شكستی حوكمڕانی و سیاسەتی عێراقی دوای 2003 دەزانن. بۆیە باڵە چەكدارەكانی ئەم لایەنە سیاسییانە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ڕاكێشانی سۆزی خەڵك، بارودۆخەكە كەمیش بێت ئاسایی بكەن، ئەویش بە بەرزكردنەوەی دروشمی دژایەتیكردنی سەربازە ئەمەریكی و هاوپەیمانان لەسەر خاكی عێراقدا. پێش و دوای هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، میلیشیا لەیاسادەرچووەكان، تەنانەت هەندێك لە باڵی سیاسیی ئەم میلیشیا شیعییانەی بەئاشكرا هەڕەشە لە هەولێری پایتەخت دەكەن و ئەوەیان چەندان جار ڕاگەیاندووە كە ئامانجی ئەوان هێز و سەربازانی ئەمریكا و سەربازگەی هاوپەیمانانە لە هەولێر.
دەبێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی باش ئامادە بكات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم جۆرە هێرشانە ببێتەوە، چونكە وا پێناچێت بەئاسانی ئەم هێرشانە كۆتایییان پێی بێت؛ بەپێچەوانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جۆر و شێواز و ئەو چەكانەی كە لە هێرشەكاندا بەكار دەهێنرێت، گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، واتا لەوانەیە شێوە و شێواز و ئامرازی هێرشەكان لە ڕێگەی بەكارهێنانی درۆنی پێشكەوتوو چڕتر و كاریگەرتر بن. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پێویستە لانی كەم لەگەڵ هاوپەیمانان كار بۆ ئەوە بكات سیستەمێكی بەرگریی فراوان بۆ ئاسمانی هەرێمی كوردستان دروست بكرێت؛ پێوستە ، هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەكان بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو گروپ ومیلیشا و تێشكاندنی هەوڵە تیرۆریستیەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیاتر چرٍتر بكرێنەوە .





ئەم هەواڵە 11311جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad