English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هاتنی ماکرۆن بۆ هەرێم چیمان پێدەڵێت؟ هێزی ئەم هەرێمە لەکوێدا پیشان دەدات؟
2021-08-28 [09:40 AM]

پ.ی.د. نەزاکەت حسین


فەرەنسا و گەلی کورد پەیوەندیەکی مێژووی پتەو لە نێوانیاندا هەیە و لە مێژووی نوێدا فەرەنسا لە زۆر قۆناغی چارەنووسسازدا بە هانای گەلی کوردستانەوە هاتووە، لە بە بڕیارکردنی هێڵی دژە فڕین لە نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ هەرێمی كوردستان، لە کاتی پەلاماردانی داعش بۆ هەرێمی كوردستان یەكەمین دەوڵەت بێدەنگ نەبوو بە هانای کوردستانەوە هات، جگە لە هاوکاری سەربازی داوای کۆبونەوەی بەپەلەی یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ هاوکاری کوردەکان لە هەرێمی کوردستان. لەو بارودۆخە سەختەدا یەکەم سەرۆکی زلهێزی جیهانی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، سەرۆکی ئەوکاتەی فەرەنسا بوو. لە گەلەکۆمەو گەمارۆکەی سەر هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی پرسە چارەنوسسازەکەی ریفراندۆم، یەکەم وڵات بوو کاری بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر هەرێمی کوردستان کرد. لە مێژیشەوە سەردەمی میتران ئەم هاوکاری و پشتیوانییەی فەرەنسا بۆ کورد هەر بەردەوام بووە، جگە لەوەی هەمیشە لە سەر ئەوە سوور بووەو بە نامە داوای کردووە مافی کورد لە دەستوری بەغداد دیاری بکرێت، هەوڵی  بۆ ئەمە داوە. لە نموونەی ئەو نامانە کە بۆ جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی ناردبوو کە له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا دان به‌ ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كورددا بنرێت. چونکە بە سەقامگیری ناوچەکەی زانیوە، هەر وەک ماكرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە نامەیەکیدا  نووسیبوی "هەمیشە سەقامگیری هەرێمی کوردستانی وەک هۆکارێکی سەقامگیری بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینیوە".

ئەمە نەک تەنها بۆ هەرێمی کوردستان، بگرە بۆ رۆژئاوای كوردستانیش فەرەنسییەكان بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی كوردیان كردووە بە تایبەتی لە كاتی داگیركردنی عەفرین لە لایەن توركیاوە. راستە کورد لە گەڵ بەشێکی تر لە وڵاتانی زلهێز پەیوەندی هەبووەو هەیە، بەڵام هەمیشە ئەو پەیوەندییەی لە گەڵ فەرەنسا جۆرە جیاوازییەکی لە گەڵ پەیوەندی کورد و ولاتە گەورەکانی تردا هەبووە.

چونکە جگە لەو بنەما فیکریەی بۆ فیکر و فەلسەفەی شۆڕشی فەرەنسا، فەرەنسای خاوەن کۆمۆنی پاریس میراتێکی گەورەی فیکر و فەلسەفە و بیری ئازادیخوازی بۆ مرۆڤایەتی بە جێ هێشتووە، ئێستا بابەتەکە گۆڕاوەو ئەم پشتیوانییە پەیوەندی بەو رەهەندە ستراتیژییەی هەرێم و پێگە سەربازییەی فەرنسا هەیە لێرە. سەرۆک ماکرۆنیش بە دوای سەقامگیری و بەڵانس و ئارامی ناوچەکەدا دەگەڕێت و پێی وایە سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ سەقامگیری هەرێمی کوردستان نابێت، هەر پرۆژەی بیناکردنەوەیەکیش هەبێت بۆ ناوچەکە بەبێ کورد نابێت. لەولاشەوە نرخاندنی رۆڵی بەرەنگاری و رووبەڕووبوونەوەی کورد لە  جەنگی دژەتیرۆری داعش کە رۆڵی گەورەی تێدا بینی. ئارامی هەرێمی کوردستانیش وەک تاکە شوێنێک لە ناوچەکەدا جێگای بایەخە لای.

ئەمانە تا ئێرە هەندێک لە هۆکارەکانی هاتنی سەرۆک ماکرۆن و گرنگیدانی فەرەنسا بەم ناوچەیە پیشان دەدات. بەڵام چ ئەندازیار و کارەکتەرێکی ناوخۆیی توانی لە هەموو قەیرانەکان و دەرگا داخراوەکان لە بەردەم هەرێمی کوردستان، پێگەی جوگرافی و ستراتیژی ئەم هەرێمە بقۆزێتەوەو بە هێزی دیبلۆماسی سەرنجی جیهان چ لە رووی ئابووری، چ لە رووی سیاسی و دیبلۆماسیەوە رابکێشێت. لە ناو ئەو گێژاوەدا دیبلۆماسیەت وەک هێزی نەرم بۆ سەقامگیری ناوخۆیی و دەرەکی هەرێم  بەکاربهێنێت و خۆشی سەرۆکایەتی ئەو دیبلۆماسیەتە بکات. بێگومان ئەمەش سەرباری کاریزمای کارەکتەری خۆی پاشخانی بیر و هزرێکی نەتەوەیی و وەبەرهێنە کە وەبەرهێنان لە تواناکانی ئەودا  کردووە بۆ خزمەتی کورد و ئەم هەرێمە، کە ئێستا سەرۆک رێزدار کاک مەسعود بارزانی سەرکردەی ئەو بیر و هزر و مەدرەسەیە دەکات و بەردەوام وەبەرهێنان لە سەرکردە و وەبەرهێنان لە تواناکانیان دەکات. بەکارهێنانی دیبلۆماسیەت لە دیدگا و تێروانینی رێزدار سەرۆكی هەرێم نێچیرەڤان بارزانی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆ و پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێمە، هەروەها پاراستنی سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستانە لە ناو هاوكێشە نێودەوڵەتی و هەرێمیەكان لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش. لەم پەیوەندیانەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بابەتی گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن و دیبلۆماسیەت بە یەكێك لە باشترین فاكتەر و رێگەكان دەزانێت بۆ بەردەوامبوونی ئەو ئامانجانە و مسۆگەركردن و چەسپاندنیان، لە سەر ئاستی ناوخۆش هەر ئەم هێزە دیبلۆماسی و نەرمەی بەکار هێناوە بۆ دروستکردنی لێک نزیکبونەوەو رەواندنەوەی گرژییەکان، دروستکردنی پێکەوەژیان، واتە دیبلۆماسیەت وەک هێزێکی نەرم لای ئەو بۆ کورد و کوردستان بریتی بوو لەو "پرشنگی خۆرەی کە لە تاریکیدا بۆی گەڕاوە" ئەم هەرێمەی بە رووی جیهاندا پێ کردەوە، بەڕای بەشێک لە چاودێران لەو روانگە دیبلۆماسیە و سەردان و چالاکییە دیبلۆماسیانەی کە ئەنجامی داوە لە ماوەی ٢ساڵ حوکمڕانیدا وەک سەرۆکی هەرێم، هەرێم لە ئاستی دەوڵەتدا بینراوە.

بۆ نموونە لەو ماوەیەدا چەندین سەردانی بۆ دەرەوەی هەرێم ئەنجام داوە، لەوانەش بەغداد هەروەها سەردانیكردنی هەر یەك لە وڵاتانی فەرەنسا و توركیا و ئیمارات و قەتەر هاوكات هاتنی چەندین شاندی باڵای دیبلۆماسی وڵاتان، وەك سەردانی وەزیرانی دەرەوەی هەر یەك لە وڵاتانی فەرەنسا و روسیا و شاندی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و دەیان شاندی باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی و (مایك پێنس)جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو بۆ هەولێر... تەنها لەم ساڵدا هاتنی پاپا بۆ هەولێری پایتەخت  و سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران، سەردانی سەرۆکی فەرەنسا و چەندین سەردانی تر، بەراورد بکەیت بە چالاکییە دیبلۆماسیەکانی وڵاتان کە دەوڵەتن، رەنگە زۆرینەیان ئەوەندەیان نەبێت لەم چالاکییە دیبلۆماسیانە. بۆ ناوخۆ و دەرەوەی  هەرێمیش، لە ناو هەرێمێکدا کە زۆر جار گرژییەکان و سەختیەکان خەریکە دەمانگەیەنێتە لێواری نوقم بوون، لە هاوکیشە نێودەوڵەتییەکان کە زۆر جار خەریکە هەرێمەکە دەبێتە ئامانج و لە دەست بچێت، ئەو دیالۆگ و دیبلۆماسیەت دەکاتە ئەو تیشکی خۆرەو لە سەر هەر دوو ئاستە ناوخۆیی و دەرەکیەکە دەیکات دەرگای کرانەوە بۆ وڵات و ئارام کردنەوە، ئەم پاراستنی پێگە و سەنگەی هەرێمیش لە سەر ئاستە نێودەوڵەتییەکە هەروا ئاسان نییە، ئەگەر لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش نەبێت، چۆن ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشە دەدۆزێتەوە، بێگومان ئەویش زیرەکی و هێزی دیبلۆماسیەتە، لە کاتێکدا نەک دەوڵەت نین، بەڵکو توانامان لە ئاست هاوکێشە نێودەوڵەتییەکە ئەوە نییە ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشە بدۆزرێتەوە، ئەگەر لێهاتوویی سەرۆک نەبێت، کە ئەم هێزە حیواری و دیبلۆماسیەتەی سەرۆکی هەرێم  بۆ سێ ئامانج لە سەر ٣ئاست بەکار دێنێت. بەڕای چاودێرێکی سیاسی، یەكەمیان: بەهێزكردنی یەکڕێزی  و پێکەوەژیان و پەیوەندییەکانی ناوخۆی هەرێمە. دووەمیان گەشەدان و زیاترکردن و باشترکردنی  پەیوەندییەكانی هەرێمە لە گەڵ حكومەتی فیدراڵ و گەلانی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بە گشتی. سێیەم: بەهێزکردنی پەیوندەی نێودەوڵەتییەکان و چالاکییە دیبلۆماسیەکانە و هەوڵدان بۆ كاری هاوبەشە لە گەڵ دام و دەزگا و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی.

 





ئەم هەواڵە 3403جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad