English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڕووقایمی و پەند وەرنەگرتن
2021-09-27 [03:18 AM]

ZNA- ھەولێر 



‎لە سەرەتای بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا، ھەڵمەتەکانی لەسەر بنەمای بیرخستنەوە و پیشاندانی دەستکەوتەکانی و بەڵێندان بێت بە دەنگدەران کە ھەرچی لە دەستی بێت دەیکات تا کوردستان بەھێزتر و سەقامگیرتر و ژیانی خەڵکەکەی باشتر بێت، خۆی لە شەڕی ئیعلامی لابەلا و شکاندنی بەرامبەرەکانی دووربگرێت، تا ئەمڕۆش ھەروای کردووە و دەکات. 

‎ئەم بڕیارە بنچینەیی و نەگۆڕەی پارتی، لە متمانە بەخۆکردن و ناسینی جەماوەرەکەی و ڕێزگرتنی ئاست و زەینی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە. پارتی ھەمیشە پێیوایە، شکاندن و تەخوینکردنی ئەم و ئەو، با ھێندێکیشیان لەباریاندا بێت، ڕێگەیەکی درووست نییە بۆ بەدەستھێنانی دەنگی خەڵکی کوردستان، بگرە ھەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانی و دەستکەوتەکانی سەر ئەرزی واقیع و، بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵک و پاراستنی کەرامەت و سەروماڵیان، کورترین ڕێگەیە بۆ بەدەستھێنانی متمانەی ئەو خەڵکە. جیا لەوەی شەڕەدەمی ئیعلامی و خۆ بەھەمووشتزانین وبەھیچنەزانینی ئەوانی دیکە، نە ڕاستە و نە لەگەڵ مەزاجی گشتیی خەڵکی کوردستاندا دێتەوە. 

‎کەچی بەداخەوە، دیسان وەک پیشەی ھەمیشەییان، لایەنێک، لەم ھێمنی و خۆدوورگرتنەی پارتی لەباسکردنی ئەوان، تێناگات و بگرە دەیقۆزێتەوە بۆ ھێرشی ناڕەوا و بوختانکردن بە پارتی.
‎ئەم دوو ئەلفە، بۆ وەڵامی ھەموو ئەوانە نییە، بەڵکو بۆ دەرخستنی بوختان و نامەسئوولییەتی ئەو کەسانەیە کە لە برێتی ئەوەی خۆیان بە خەڵک بناسێنن تا دەنگیان پێ بدەن، دەیانەوێت لە ڕێی بووختانکردن بە پارتییەوە خەڵک لە خشتەبەرن و، زۆر بە ڕووقایمی باسی نیشتمانپەروەریی و بەتەنگەوەچوونی ژیانی خەڵک و شکاندنی بەرانبەرەکانیان دەکەن. 

‎سەیرە لای ئەو کەسانە، کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی؛ خزمەتکردنی ئەجێندای دوژمنان و دڵخۆشکردنیان، ھەوڵدانی بێوچان بۆ لەتکردنی ڕیزی نیشتمانی و تەسلیمکردنەوەی کەرکووک و نیوەی خاکی کوردستانە، کەچی ھەوڵدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە چوارچێوەی ڕیفراندۆمێکی یاسایی و سەرتاسەریی کوردستاندا بە خیانەت دەزانن!! ئەرێ ئەوە چ ڕووقامییەکە، پاراستنی کەرکووک بە خیانەت و تەسلیمکردنەوەی بە کوردایەتی بزانن؟! مرۆڤ نازانێت چۆن باسی ئەوانە بکات کە خەڵکانێکیان کاندید کردووە (‌ نۆتی شەجاعە)‌ی ئەنفالیان وەرگرتووە کەچی ئێستا بۆ سواڵی دەنگ حەوت حەوت باسی تاوانەکانی ئەنفال دەکەن!! کۆمەڵگەی کوردستانیان بە ئاسۆیی و ستوونی نەک دابەش، بگرە ئەنجنئەنجن کردووە، کەچی ھیچ شەرم ناکەن و خۆ بەخەمخۆری خەڵک و ھاوبەشی ئێشوئازارەکانی دەردەخەن!!

‎سووربوونی ئەو ڕووقایمانە لەسەر دووبارەکرنەوەی تەجرەبەی فاشیلی پەلاماردانی پارتی وەک تاکە ڕێگەیەک بۆ سواڵی دەنگ، دەیسەلمێنێت نەزانیشن. ئاخر ھیچ پەندێکیش لە مێژوو فێرنەبوون و نابن. تا ئەمڕۆ، نازانن کە چییان لە پەلامارەکانی پێشوو دەستکەوتووە، ئەمجارەش لەوە زیاتریان دەست ناکەوێ. بووختان و ھێرشە ئیعلامییەکانیان، چەند پەلاماری ناحەقی پارتییە، ھێندەش سووکسەرنجدانی خەڵکی کوردستانە. خەڵکی کوردستان زۆر لەوە ھۆشیارتر و زەینیان ڕوونترە کە ئەوانە تێیگەیشتوون. 

‎نازانن، دەستکەوتی خەڵک و ھەڵوێستی نیشتیمانیانە، پەیژەی سەرکەوتنن، نەک پەلاماری ئیعلامی و بووختان و تەخوینکردنی خەڵکی دیکە. نازانن، مێژوو و ڕووداوەکانی، تۆمارکراون و تەواو، بە ھەراوزنا نایەنە گۆڕین، باشترە ئەوان خەریکی ماڵی شێواوی خۆیان و کۆکردنەوەێ پارچەکانیان بن نەک پەلاماردان و چەواشەکاری. 

‎جوانیان گوتووە: گەر شەرمت نەکرد، چ دەکەی بیکە.


‎ چاودێرێک
 





ئەم هەواڵە 8632جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad