English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئایا لە ئێستادا پێویستمان بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەیە؟
2022-01-02 [02:24 AM]

ZNA- ھەولێر 



لە پەراوێزی دەنگۆی خواستی چەند لایەنێک بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان، ھەوڵمانداوە دیراسەیەکی متەوازعی ئەو تەوەرانە بکەین کە کەوتونەتە بەر سـتێرەی ھەموارەوە و وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە: ئایا بەراست یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە ھەموارە؟ کام برگەن ئەوانەی بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان لێرەو لەوێ باسی ھەموارکردنیان دەکەن؟ ئایا ئێستا کاتی ھەمواری ئەم یاسایەیە؟
ھەموومان دەزانین یاسای ھەڵبژاردن یەکەم پرۆژە یاسایە لە دوای راپەرینەوە لە لایەن سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی دەرکرابێت، کە لە دواییدا بوو بە یاسای ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢. ئەم یاسایە تاکو ئێستا بۆ گونجاندنی لەگەڵ قۆناغە جیاوازەکانی پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان حەوت جار ھەموار کراوەتەوەو لەگەڵ واقعی پێکھاتەی سیاسی و حیزبی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی ھەرێم گونجێندراوە.
کەواتە لە کوێی یاساکە کەم و کورتی ھەیە تا ھەمواری ھەشتەمی بۆ بکرێت؟ لە خوارەوە ھەوڵدەدەین گرنگترین ئەو تەوەرانە بوروژێنین کە لێرەو لەوێ گوێبیستی پێویستی ھەموارکردنەوەیان دەبین:
تەوەری یەکەم: سیستەمی بازنەی ھەڵبژاردن
لە ئێستادا لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سیستەمی یەک بازنە پەیرەو دەکرێت، لە کاتێکدا چەند لایەنێکی سیاسی خوازیاری گۆرینی ئەم سیستەمەن بۆ سیستەمی فرە بازنە.
بۆ پێوانی رادەی دێموکراسی بوونی ھەر ھەڵبژاردنێک کۆمەڵێک پێوەر ھەیە کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێن، یەکێک لەو پێوەرانە گونجانی یاسای ھەڵبژاردنە لەگەڵ واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکھاتەی نەتەوەیی و ئاینی و حزبی کۆمەڵگاکە، کەواتە با ھەوڵ بدەین بە لۆژیک وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ئایا بۆ واقعی ھەرێمی کوردستان سیستەمی یەک بازنە گونجاوترو دێموکراسیترە یان سیستەمی فرە بازنە؟
ئەزمون سەلماندویەتی ھەمیشە بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی کە فرە پێکھاتەن و سیستەمی فرە حزبی پەیرەو دەکەن، یەک بازنە گونجاوترو شیاوترە، بە تایبەتی کاتێک پارتە سیاسیەکان لە روی بنکەی جەماوەریەوە جیاوازیان ھەبێت، واتە دابەش بووبن بە سەر پارتی بچوک و مامناوەند و گەورە. بەجۆرێک سیستەمی یەک بازنە زیاتر لە بەرژەوەندی حزبی بچوک و مامناوەندەکانە، چونکە حزبی بچوک بە تایبەتی ئەوانەی توانای کورسیەک یان دوو کورسیان ھەیە لە بەرژەوەندیان نیە دەنگەکانیان بڵاو بن. بۆ نمونە ئەگەر لیستی سەردەم یان ئازادی لە پەرلەمانی کوردستان بە نمونە وەربگرین کە ھەر یەکێکیان خاوەنی یەک کورسین، ئەوە رەنگە لە سیستەمی فرە بازنە نەتوانن ئەو کورسیە بەدەست بێننەوە چونکە ئەوان دەنگی ھەموو ھەرێمی کوردستانیان بۆ کۆکراوەتەوە ئەوجا گەیشتونەتە یەک کورسی، ئەگەر بێت و دەنگەکانیان بۆ نمونە بەسەر چوار بازنەدا دابەشبکرێت ئەوا لە ھیچ بازنەیەک ناگەنە کورسی و دەنگەکانیان دەفەوتێت و کورسی لە دەست دەدەن. ئەوە رەنگە بۆ حزبێکی مام ناوەندیش دروست بێت بە تایبەت ئەوانەی لە ھەندێک بازنە بە قەبارەی کورسیەک دەنگیان نیە، بۆ نمونە کۆمەڵی دادگەری، ئەگەر سەیری ژمارەی دەنگەکانی ئەو حزبە بکەین لە پارێزگای دھۆک و ھەڵبجە دەبینین رێژەکەی ناگاتە کورسیەک بۆیە بە دڵنیاییەوە دەنگەکانیئەو دوو پارێزگایەی دەفەوتێت.
لە لایەکی تر ئەگەر سەیرێکی ئەزمونی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بکەین دەبینین لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ کورد لە (٢٧٥) کورسی (٧٥) کورسی بەدەست ھێنا کە ئەو کات عێراق یەک بازنەی ھەڵبژاردن بوو، بەڵام دواتر لەگەڵ گۆرانکاری لە یاسای ھەڵبژاردن و گۆرینی سیستەمی یەک بازنە بۆ فرە بازنە ژمارەی کورسیەکانی کورد کەم بوویەوە سەرەرای زیاد بوونی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی عێراق کە لە ئێستادا (٣٢٩) کورسیە، تاکو ئێستاش کورد رەخنە لەو ھەموارەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەگرێ و خوازیاری گەرانەوەی یاساکەیە بۆ سیستەمی یەک بازنە، کەواتە لۆژیک نیە لە لایەک بە بیانوی زیاتر دێموکراسی بوونی سیستەمی یەک بازنەو نەفەوتانی دەنگ داوای گەرانەوەی سیستەمی ھەڵبژاردنی عێراق بکەین بۆ یەک بازنەو لەو لاشەوە ھەوڵ بدەین یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین بە فرە بازنە.
ئەوە سەرەرای ئەوەی لە سیستەمی یەک بازنەدا ئەندامی ھەڵبژێردراوی پەرلەمان دەبێتە نوێنەری تەواوی ھاوڵاتیانی ھەرێم نەک نوێنەری ناوچەیەکی دیاری کراو.
تەوەری دووەم: سیستەمی لیست
لە ھەڵبژاردندا تا بژاردە لە بەردەم دەنگدەر زیاتر بێت باشترو دێموکراسی ترە، واتە تا لیستەکە کراوەتر بێت بژاردە لە بەردەم دەنگدەر زیاتر دەبێت، بۆیە سیستەمی لیستی کراوە لە نیمچە کراوەو نیمچە کراوەش لە داخراو دێموکراسی ترە. ھەرچەندە ئەمە پەیوەندی ھەیە بەراددەی ھۆشیاری دەنگدەر لە کۆمەڵگادا کە بتوانێت لە نێو کاندیدەکاندا باشترین و گونجاوترینیان ھەڵبژێرێت.
بۆیە دەپرسین ئایا سیستەمی لیستی نیمچە کراوە لە ھەرێمی کوردستان کە لە ھەردووک ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان پەیرەو دەکرێت گونجاوە؟ یان پێویستی بە ھەموارە؟ ئایا ئەو بیانوانە چین کە دەھێنرێنەوە بۆ گەرانەوە بۆ لیستی داخراو؟
پێمان وایە دوو بیانو ھەیە بۆ گەرانەوە بۆ لیستی داخراو، بیانویەکیان ئاشکرایەو ئەویتریان شاراوەیە، بیانوە ئاشکراکە ئەوەیە گوایە لیستی نیمچە کراوە بۆتە ھۆکارێک بۆ دابەزینی کواڵیتی پەرلەمان و دروست بونی نا ھاوسەنگی لە پسپۆریەتیە پێویستەکانی ناو پەرلەمان، بیانوە شاراوەکەش ئەوەیە کە لیستی نیمچە کراوە ئەندام پەرلەمانێک بەرھەم دێنێت زیاتر نەزعەی سەربەخۆیی تێدا زاڵە و کەمتر پابەند دەبێت بە حزب و بریارەکانی، بە تایبەتی ئەو حزبانەی کە مەرکەزیەتیان تێدا لاوازەو ترسیان لە گۆرینی ئاراستەی سیاسی پەرلەمانتارەکانیان ھەیە.
سەرەرای ئەوەی ھەردوو بیانوەکە بەرەوا دەزانین و تاراددەیەک لۆژیکی تێدایە، بەڵام بە بروای ئێمە بێ گەرانەوە بۆ دواوەو عەیبدار کردنی پرۆسەی دێموکراسی لە ھەرێم، چارەسەری گونجاو ھەیە بۆ ئەو بیانوانە، چونکە بە دڵنیاییەوە گەرانەوە بۆ سیستەمی لیستی داخراو پاشەکشەیەکی گەورەیە لە دێموکراسیدا، بە تایبەتی لە کاتێکدا عێراق بەو ھەموو عەیب و عارو ناسەقامگیریەی کە ھەیەتی لە پرۆسەی سیاسیدا، لەم بابەتە نەک نەگەراوەتەوە دواوە بەڵکو ھەنگاوێکی تریش چۆتە پێشەوەو سیستەمەکەی کردۆتە سیستەمی زۆرینەی براوەی یەک دەنگی نەگوازراوە، واتە لیستی ھەر نەھێشتوە دەنگدەر دەبێت تەنھا دەنگ بە پاڵێوراو بدات.
بۆیە لە بارەی بیانوی یەکەمەوە دەکرێت ھەر حزبێک ئەو بژاردانەی دەیانخاتە بەردەم دەنگدەرانی، خەڵکی شایستەو گونجاو بن بۆ ئەو دامەزراوەیەی ھەڵبژاردنی بۆ دەکرێت، لەو حالەتەدا دەنگدەر ھەر کەسێکیان ھەڵبژێرێت لە دواییدا کاریگەری نابێت لە سەر دابەزینی کواڵیتی دامەزراوەکە، بۆیە ھەڵەیە لۆمەی دەنگدەر بکرێت لەوەی کەسی نەگونجاوی بۆ ئەو دامەزراوەیە ھەڵبژاردوە، لە کاتێکدا لایەنە سیاسیەکان ئەو بژاردانەیان خستۆتە بەردەم، کەواتە دەنگدەر گوناحی چیە کاتێک حزب ئەو جۆرە خەڵکانەی دەخاتە بەردەم. وە لە لایەکی تر تاراددەیەکی زۆر ئەندام و لایەنگری حزبێکی دیاری کراو دەنگ بە کاندیدەکانی حزبەکەی دەدات بە تایبەتی لە کاتێکدا بژاردە لە بەردەمیدا زۆر بێت، رێژەی ئەوانەی لە حزبێکن و دەنگ بە کاندیدانی حزبێکی تر دەدەن کەمن، بۆیە کاندیدی بەھێز کە زۆرجار باس دەکرێت و دەتوانێت دەنگی زۆر کۆبکاتەوە، ئەوا لە راستیدا دەنگی دەنگدەرانی ناو حزبەکەی خۆیەتی نەک بە پێچەوانەوە، لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق بینیمان خەڵکانێک لەناو حزبێکی سیاسی بە دەنگی زۆر لە رابردوو لە ھەڵبژاردندا سەرکەوتو بوون، بەڵام لەم ھەڵبژاردنەی دوایی وەک سەربەخۆ خۆیان کاندید کرد نەک نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بێنن بەڵکو دەنگەکانیان شایانی ئەوە نەبوون باسیش بکرێن، لە ھەمان کاتیش حزب ھەبوە ھیچ پروپاگەندەی بۆ کاندیدەکەی نەکردوە بەڵکو بۆ لیستەکەی کردوەو کاندیدەکەشی دەرچوە، بەجۆرێک دەنگدەرەکانی دوای دەرچونی کاندیدەکھش ھەر نەیانناسیوە. کەواتە باشترین چارەسەر ئەوەیە سیستەمی لیست وەک خۆی بمێنێتەوە و لایەنە سیاسیەکان کاندیدی باش و پر کەفائەت پێشنیار بکەن. دواتر کێ گەرەنتی ئەوە دەکات لە لیستی داخراودا لایەنە سیاسیەکان خەڵکی شایستەو بە کەفائەت دەخەنە ریزبەندی پێشەوەی لیستەکانیان، ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا ئێمە دوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ھەڵبژاردنێکی ئەنجومەنی پارێزگاکانمان بەم سیستەمەی لیست ئەنجامداوەو ھاوڵاتی کوردستانی تاراددەیەکی باش ئاشناو شارەزای ئەم جۆرە سیستەمە بووە.
وە بە نسبەت بیانوی دووەم، بە بروای ئێمە بوونی نەزعەیەکی تاراددەیەک سەربەخۆیی لە ئەندامی پەرلەمان شتێکی خراپ نیە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ھەندێ بابەت و کێشەی ناسیاسی ئازادانە بدوێ و مەوقیف بنوێنێ، بەڵام بۆ مانەوەی پابەندی ئەندام پەرلەمان بە سیاسەتی گشتی حزبەکەی، ئەوە دەگەرێتەوە بۆ پەروەردەی حزب بۆ ئەندامەکانی و بە ھێزی و تۆکمەیی پرەنسیبی پەیوەندی نێوانیان، بۆیە دەکرێت حزب ئەو کەسانە دیاری بکات کە جێگەی باوەری تەواو بن و ترسی ئەوەیان نەبێت لە ھەر ھەڵومەرجێکدا لە ھێڵە گشتیەکان و پرەنسیپە باڵاکانی حزب لابدەن. چونکە لیستی داخراویش نابێتە گەرەنتیەک بۆ نەگۆرینی ئاراستەی سیاسی ئەندامی پەرلەمان، نمونەمان ھەیە لە خولی سێی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدا لیستیش داخراو بوو حالەتی گۆرینی ئاراستەی سیاسی ئەندامی پەرلەمانمان ھەبوو.
تەەری سێیەم: دروست کردنی لیستی دەنگدەرانی تایبەت بە پێکھاتەکان
ئەوەیان بە بروای ئێمە بابەتێکی زۆر نا دێموکراسیە، بۆیە بە ھەڵەی دەزانین ھەر ھێزێکی سیاسی داواکاری وا پێشکەش بکات، چونکە یەک لە بنەما سەرەکیەکانی ھەڵبژاردنی دێموکراسی ئازادی دەنگدەرە، دەنگدەر دەبێت ئازاد بێت دەنگ بە کێ دەدات بە کێی نادات، نابێت ئازادی دەنگدەر سنوردار بکرێت، زۆر ئاساییە کوردێک دەنگ بە تورکمانێک و مەسیحیەک بە موسڵمانێک و ئێزیدیەک بە کاکەییەک بدات، چونکە پەرلەمان پەرلەمانی کوردستانە، نەک پەرلەمانی نەتەوەیەک یان دین و مەزھەبێکی دیاری کراو، بۆیە ئەمە بە تەواوی دژی پرەنسیپەکانی دێموکراسی و بنەماکانی مافە مرۆڤە و ھەر ھەوڵێکی لەم جۆرە پرۆسەی دێموکراسی لە ھەرێم عەیبدار دەکات.
بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێن، پێداگری لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، ناراستەوخۆ داواکردنی ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا، چونکە نە یاساکە عەیبەیەکی وای ھەیە پێویستی بە ھەموار بێت، بەڵکو ئەو ھەوڵانەی بۆ ھەمواری یاساکە دەدرێن یاساکە رەنگە عەیبدار بکات، وە نە کاتەکەش کاتی ھەمواری یاساکەیە لە کاتێکدا چەند مانگێک ماوە بۆ وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.

یاسین محمود چۆمانی
 





ئەم هەواڵە 8950جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad