English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڕوسیا و ئۆکڕاینا بەرەو کوێ؟
2022-04-03 [08:17 AM]

تاڤگە ح. عبدالله قوتابی ماستەر لە مێژووى هاوچەرخ


شتێکی ئاشکرایە، کە پوتین بەدوای زيندووكردنەوەى ئیمپراتۆریەتی پێشووی ڕووسیادا دەگەڕێت و لەسەر ئەو بنچینەیەش دەبێتە میراتگری ململانێی نێوان هەردوو جەمسەرەکەى سۆڤیەت و ئەمریکا، بۆیە بەپێویستی دەزانێ سەربازەکانی بنێرێتە کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو وەک مۆلدۆڤا و جۆرجیا، کە ئەندام نین لە ناتۆ.

هەر بۆیە وەک مافى خۆی سەیری ئەم بابەتە و مەترسییەکانى دەکات و وایلێکدەداتەوە، کە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا لەلایەن ڕۆژئاواوە پێویستی بە وەڵامدانەوە هەیە، بؤ دوورخستنەوەى مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانى لەوانەیە هەڕەشەی ناردنی سەربازەکانی بکات بۆ ویلایەتە بالتیکەکانیش، کە لە ناتۆن وەک لیتوانیا و کردنەوەی ڕێڕەو بۆ کەنارەکانى دەرەوەی ڕووسیا لە لینینگرادەوە، ئەمەش زۆر مەترسیدار دەبێت و دەتوانێت هەڕەشەى شەڕ لەگەڵ ناتۆ بکات.

ماددەی 5ی دەستووری سەربازی ناتۆ ئاماژە بەوە دەکات، کە هەر هێرشێک بۆ سەر یەک ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ هێرشکردنە بۆ سەر هەموو ئەندامەکان، پوتین لەتوانایدا هەیە ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵبگرێت ئەگەر وەک تاکە ڕێگەی مانەوەی لە دەسەڵاتيشدا ببینێت، کەواتە ئەگەر وا هەست بکات لە ئۆکرانیا بەرەو شکست دەڕوات، ئەوا هەوڵ دەدات هێزى زیاتر بەکاربهێنێت. بەڵگەشمان ئەمەیە، کە ئێمە ئێستا دەزانین سەرۆکی ڕوسیا سوورە لەسەر پێشێلکردنی نۆرمە نێودەوڵەتیيە دامەزراوەکان، هەفتەی ڕابردووش پوتین هێزی ناوکی خۆی خستە ئامادە باشی، ئەگەرچی زۆربەی شیکەرەوەکان گومانیان هەیە، کە ئەمە مانای بەکارهێنان بێت.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئایا ئەگەری چارەسەری دیپلۆماسی هەیە؟

ئاماژە بە قسەکانى سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە گووتی: "ئێستا ئەو چەکە قسەی لەسەر کراوە، بەڵام دەبێت ڕێڕەوی دیالۆگ بە کراوەیی بمێنێتەوە" بۆ ئەم مەبەستەش فەرەنسا لە باڵاترین ئاستی ڕامیاریدا هاتە سەر خەت، دیبلۆماتکارەکانيش دەڵێن ڕۆژئاوا بەردەوامە لە هەستکردن بە پێگەکانی مۆسکۆ، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئومێدێکە بۆ چارەسەرى دیپلۆماسی، لە کاتێکدا گفتوگۆکان هیچ پێشکەوتنێکیان نەبووە، بەڵام پوتین بەلایەنی کەمەوە ئەگەری دانوستانی ئاگربەستی قبوڵ کردووە.

        وەک هەڕەشە و ترساندنێک بۆ ڕوسیا، زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداری دەدات كە "پەردەی ئاسنی نوێ، ڕووسیا لەجیهانی شارستانی جیا دەکاتەوە". لەلایەکى تر دیبلۆماتکارە نێودەوڵەتییەکان باوەڕیان وایە، کە پێویستە پۆتین ئاگاداری مەرجەکان بێت بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ گەیشتن بە ڕێکكەوتنی کۆتایی و چارەسەرکردنى کێشەکە.

با وێنای ئەم سیناریۆیە بکەین: شەڕ لە دژی ڕووسیا هەڵگيرسا. سزاکان کاریگەریەکی زۆریان لەسەر مۆسکۆ هەیە، ئۆپۆزسیۆن بەهێز دەبێت لە کاتێکدا تەرمی قوربانییەکان زیاتر دەگەنە ئەو وڵاتە، پۆتین سەرسامە کە ئایا خۆی خستۆتە کێشە؟ بەبۆچوونی ئەو بەردەوامبوونی جەنگ هەڕەشەیەکی گەورەتری بۆ سەر دەسەڵاتەکەی هەیە وەک لەوەی ڕیسوایی کۆتایی پێبێت. چین دەستوەردان دەکات و فشار لە مۆسکۆ دەکات بۆ ڕازیبوون بە مەرج و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەی ئەوە دەکات، کە گاز و نەوت لەڕوسیا ناکڕێت، مەگەر گرژی و ئاڵۆزییەکان نەهێڵێ، ئەمە وا لە پوتین دەکات، کە بەدوای ڕێگایەکی دەرچووندا بگەڕێت.

هاوکات بەرپرسانی ئۆکرانی چاودێری بەردەوامی وێرانکاری وڵاتەکەیان دەکەن و قەناعەتیان بەوە هەیە، کە زەرورەتی سیاسی لە وێرانکردن و لەدەستدانی ژیان باشترە، دیبلۆماتکارەکان دەستتێوەردان دەکەن و دەگەنە ڕێککەوتن بۆ نمونە ئۆکراینییەکان سەروەریی ڕووسیا بەسەر کریمیا و بەشەکانی ناوچەی دۆنباس قبوڵ دەکەن، لەلایەکی ترەوە پوتین سەربەخۆیی ئۆکرانیا قبوڵ دەکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا قوڵتر دەکاتەوە، ئەمە لەوە ناچێت، بەڵام پێناچێت ڕێککەوتنێکی لەم شێوەیە لە ناو ئەو زبڵانەی، کە بەهۆی ناکۆکیيە خوێناویەکانەوە بەجێی هێشتووە بێتە بەرهەم.

بێگومان ڕوسیا و خودی پۆتینیش دەزانن کارەکە ئەوەندە ئاسان نییە، هەر بۆیە لە سەرەتاى دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە پۆتین گووتی: "ئێمە ئامادەین بۆ هەر ئەنجامێک". پڕۆفیسۆر لۆرێنس فریدمان، شارەزاى بوارى جەنگ لە کۆلێژی کینگ لە لەندەن نوسیویەتی: "گۆڕانی ڕژێم ئەمڕۆ لە مۆسکۆ وەک ئەوەی لە کیێڤە ئەگەری هەیە". دەبێ لە دیوى دووەمى قسەکانى ئەم پرۆفیسۆرە بگەین، کە ئەمڕۆ جیهان گۆڕانکارى گەورەى بەسەرداهاتووە و هەموو شتێک دیوێکى تریشی هەیە، دیوەکەى تری ئەم جەنگەش ئەمەیە، کە لەوانەیە پوتین شەڕی کارەساتاوی بکات و هەزاران سەربازی ڕوسی بمرن و جەنگەکە درێژە بکێشێ و دواتر مەترسی شۆڕشی جەماوەری هەبێت، لەو حاڵەتەشدا پوتین ڕوو لەهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکات بۆ سەرکوتکردنی ئەم شۆڕشە، بەڵام شتەکان لەوانەیە لەدەستی دەربچن و سیاسەتمەدار و سەرباز و نوخبەی پێویستى نوێ لە وڵاتدا بێنە پێشەوە. ئەوروپاش یەکێک لە بۆچوونەکانى ئەوەیە، کە پۆتین دەسەڵات بەجێبهێڵێ و کەسێکى تر جێگاى بگرێتەوە، تەنها لەم حاڵەتەدا دەکرێ سزاکانى سەر ڕوسیا هەڵبگیرێ.

ئەو سیناریۆیانەی پێشکەشکراون ناکۆک نین لەگەڵ یەکتردا و دەتوانن لێک جیاببنەوە و ئەنجامێکی جیاوازى هەبێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەم جەنگە کۆتایی پێدێت، جیهان دوای ئەوە گۆڕاوە و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازەی، کە پێشتر بوو پەیوەندی ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات جیاواز دەبێت مامەڵەکردنی ئەوروپيیەکان لەگەڵ کێشە ئەمنییەکان جیاواز دەبێت و بارودۆخى ناوچەکە و جۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى دواى جەنگى ڕوسیا و ئۆکڕاینا هەرگیز وەک پێش جەنگ نابێت.





ئەم هەواڵە 2506جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad