English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
برەودان بە پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا لە پەراوێزی سەردانەکانی سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
2022-04-20 [06:59 AM]

کۆسرەت بەشار میران بەگ


لە بەر لەوەی باسی گرنگی سەردانەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ تورکیا , گرنگە سەرەتا باسی پێگە و جیۆسیاسی تورکیا بکرێت. تورکیا ئەلقەی بەیەک گەیاندنی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتە ئەمە جگە لەوەی تورکیا بە هەرسێ دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەش و دەریای ئیجە دەورە دراوە و گرنگی زیاتریان بە پێگەکەی داوە، لەلایەکی تر تورکیا ئەندامی ناتۆیە و یەکەم هێزی سەربازی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستە، لە ڕووی ئابوریش دەبینین بەشێکی زۆری سەرچاوەی وزە لە ڕێگەی تورکیا دەگات بە وڵاتانی ئەوڕوپا و وڵاتانی تری، وڵاتێکی گەورەی هەناردەکارە لە ئاستی جیهان.ماوە بلێم تورکیا قوڵایەکی ستراتیژی و مێژووی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمیشە ڕۆڵی هەبووە لە بەشی زۆری هاوکێشەکانی ناوچەکە بەتایبەت دۆسیەکانی تایبەت بە پرسی کورد.ئێمە سنووری زیاتر لە (٣٣٠کم) هاوبەشمان هەیە و تورکیا سەرەتا بە هەستیاریەکی زۆری نەتەوەیی و ئەمنیەوە مامەلەی لەگەڵ کوردستانی عێراق دەکرد بەتایبەت کە پکک لە ناو خاکی هەرێم بوونیان هەبووە، بەڵام دواتر هەرێم بە سیاسەت و دیبلۆماسیەکی نەرم توانی هەڵوێستی تورکیا بگۆرێت، وا نیشان بدرێت کە ئێمە فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و خێرین بۆ تورکیایە نەک هەڕەشە کە ڕابەرایەتی ئەم سیاسەتەش جەنابی سەرۆک بارزانی بوو بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆڵی درا بە کاک نێچیرڤان بارزانی وەک ئەندازیارێکی کارامە لە دروستکردنی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان و کردنەوەی گرێ کوێرەکان و بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەردوولا براوەین توانی بەردی بناغەی پەیوەندیەکی ستراتیژی درێژخایەن لەگەڵ تورکیا دابڕێژێت. بە پێ ی قۆناغ بەندی پەیوەندی ئێمە و تورکیا سەرەتا دەگەڕێتەوە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەدارەکانی تورکیا بۆ کوردستان و پاشانیش ناردنە دەرەوەی نەوت بۆ بەندەری جیهانی تورکی کە بە قۆناغی ڕێککەوتنە ستراتیژیەکان دادەنرێت.ئەگەر تورکیا نەبوایە زۆر ئەستەم بوو نەوتی هەرێم دەستی بگات بە دەریا و کڕیارە جیهانیەکان و کوردستان بکەوێتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و هاتنی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و غاز بەبێ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ هەناردەی بەرهەمەکانیان ئاسان نەدەبوو بێنە کوردستان.ئەمە جگەلەوەی تورکیا بەرگەی چەندین فشار و هەڕەشەی سیاسی و دیبلۆماسی و یاسای حکومەتی عێراقی گرت تەنانەت سکاڵای حکومەتی عێراقیش لە دادگایەکی نێودەولەتی لەسەر تورکیا دژ بە هەناردەی نەوتی کوردستان کە داوای ٢٥ ملیار دۆڵار قەرەبوو لە تورکیا دەکات نەیتوانی هەڵوێستی ئەم وڵاتە بەرامبەر ئەم پرسە بگۆڕێت.ئینجا لە دوای ڕیفراندۆم پەیوەندیەکان کەمێک ساردیان تێکەوت چونکە دەکرێت تورکیا لە زۆربەی پرسەکان لەگەڵ ئێمە هەڵبکات جگە لە سەربەخۆی کوردستان نەبێت کە هێشتا بۆی هەزم ناکرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەش دژایەتی کردنی ڕیفراندۆم تەنها لە قۆناغی هەڕەشەی سیاسی و داخستنی نوێنەرایەتی پارتی و یەکێتی لە تورکیا و هندێ مانۆڕی سەربازی لەگەڵ هێزە عێراقیەکان لە سەر سنورچیتر ڕوینەدا، نە دەروازەی داخست و نە هەناردەی نەوتی کوردستانی ڕاگرت و نە پەیوەندیەکانی بەیەکجاری لەگەڵ هەرێم پچڕاند.لە بابەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیا دەکرێت لە ئایندە ببێت بەبەشێک لە ڕێڕەو ترانزێتی وشکانی ئەوڕوپا-تورکیا -کوردستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا چونکە ڕێگای ئاوی و هەوای کات و خەرجی زیاتریان پێویستە، هەرچەندە بۆ ئەمە ژێرخانێکی زیاتری گواستنەوە لە کوردستان و هەماهەنگی زیاتری عێراق و وڵاتانی تری گەرەکە. لە ئێستادا کوردستان لە پلەی پێنجەم دێت لە ئاستی جیهان لە هاوردەی کاڵای تورکی بە بڕی زیاتر لە (١١)ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ زیاتر لە ٤٥ ملیۆن عێراقی. لە دوای لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم و خاوبوونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و هەرێم خەریکە بەرەو قۆناغی بنیاتنانەوەی متمانە و فراوانکردنی چوارچێوەی ڕێککەوتنامە ستراتیژ یەکان هەنگاو دەنرێت بەتایبەت لە هاتنە پێشی پرسی غازی هەرێم دوای شەڕی ڕوسیا و ئۆکڕانیا و ئارەزوو لەسەر دۆزینەوەی سەرچاوەی تری غاز لەلایەن تورکیا و ئەوڕوپا بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆتە پرسێکی گرنگی هەنووکەیی. ئەمەش دوای چەندین سەردانی فەرمی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و بەریتانیا لەسەر ئەم پرسە کە بێگومان دەکرێت ئەم سەردانانە بە درێژکراوەی زنجیرەک سەردانی فەرمی هەردوو بەڕێزانی سەرەوە بۆ وڵاتانی ئەوڕوپا و کەنداو و هاتنی چەندین شاندی باڵای وڵاتان بۆ هەولێر دابنرێت کە ڕەنگە بەشێک لە ئەجێنداکان بەیەکەوە گرێدراو بن و بەتایبەت لە پرسی ئەمنی و ئالۆزیەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و پرسی وزە.غازی یەدەگی هەرێم بە بڕێکی زۆر دەخەملێنرێت، ئەگەرچی هێشتا غازی کوردستان بەرهەمهێنانی ئەوتۆی لێنەکراوە و هێشتا بەشی ناوەخۆی هەرێم ناکات و پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر هەیە بەتایبەت کێلگەکانی چەمچەماڵ و میران و بنەباوی کە بێگومان لە ئایندە دەتوانرێت بەپڵانێکی ستراتیژی ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بکرێتەوە،دوای پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆی و بدرێت بە عێراق ئەگەر بەغدا توانی دەستبەرداری غازی ئێران بێت دواتر ئەگەر بکرێت بە لێک تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسی یان دەرچوونی یاسایی نەوت و غاز، لە هەمان کات بە دروستکردنی کۆدەنگیەکی نێوخۆی بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی غاز . لەلایەکی تر ئەگەر هەر هەستیاریەک لەلایەن ڕوسیا و ئێران هەبێت پێویستە ئەمە ڕوون بکرێتەوە وەک چۆن هەناردەی نەوتی کوردستان جێگرەوەی نەوتی هیچ لایەنێک نەبوو بەم جۆرەش هەناردەی غازی هەرێم جێگرەوەی غازی هیچ لایەنێک نابێت لە هەمان کات مافی هەرێمە سوود لە سەرچاوەکانی خۆی ببینێت. دەکرێت بڕی زیادەی غازی هەرێم هەناردەی تورکیا و وڵاتانی ئەوڕوپاش بکرێت بەمەش پێگەی کوردستان لە دابینکردنی بەشێک لە وزەی جیهان لە نێوبەکاربەرانی وزە دەچێتە ئاستێکی تر. بەمەش تورکیا دەتوانێت پێداویستی نێوخۆی لە بواری غاز لە کوردستان دەست بکەوێت بە خەرجی کەمتر کە بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا بۆڕی غازی تا نزیک سنوری هەرێم ڕاکێشاوە.لە هەمان کات لە ئایندە هێدی هێدی غازی هاوردەی خۆی کەم بکاتەوە لە ڕوسیا و ئێران و ئازەربێجان لەپاڵ هەوڵی بەرهەمهێنانی غاز لە دەریای ڕەش.بەمەش پەیوەندی دیبلۆماسی نێوان تورکیا و کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی زێڕین. ماوە بیلێم کە ئەم مانۆڕە دیبلۆماسیە بەردەوامانەی ئەم دوو سەرکردەیە لە ئاستی بینینی کەسی یەکەم و بڕیار بەدەستانی وڵاتان و بەژداربوون لە کۆڕبەندە گەورەکانی جیهان کێرڤی پێگەی دیبلۆماسی هەرێم ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناوەندە نێودەولەتیەکان بەرز دەکاتەوە و پەیوەندیەکان زیاتر بەرەو ستراتیژی دەبەن ئەمەش کاتێک زیاتر شوێنی خۆی گرت کە هەرێم بەرپرسیاریەتی زۆری هەڵگرت لە شەڕی دژی داعش و ئاوەرەکان و کۆچبەرانی جیهانی وئێستاش پرسی وزە لە جیهان.



ئەم هەواڵە 6823جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad