English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کۆتایی حەفتە 
2022-06-04 [02:36 AM]

ZNA-ھەولێر



کۆتایی حەفتە جارێکی دیکە ھێزە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان لە سەرۆکایەتی ھەرێم کۆدەبنەوە، ئەم کۆبوونەویە کە یۆئێن تێیدا بەشدارە، دەرفەتێکی گرینگە بۆ یەکلاکردنەوەی چەند پرسێک لەوانە:

١-ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆی بکرێت یان بخرێتە وادەیەکی دیکە بە رێککەوتنی ھەموو لایەک.
-ھەڵبژاردن بە یەک بازنە بکرێت یان بکرێتە چەند بازنەیەکەوە.
٢-پرسی دەستووری ھەرێمی کوردستان کە گرینگە بۆ داھاتوو ھەرێم خاوەنی دەستوور بێت.
٣-پرسی بەغدا لە نێوان پارتی و یەکێتی بەتایبەت بە کام میکانیزم بتوانرێت کۆدەنگی دروست بکرێت.
لە نێوان پارتی و یەکێتیش بڕیاردراوە چەند لیژنەیەک دروستبکرێن بۆ پرسی نێوخۆیی و ھەڵبژاردن و بەغدا کە بتوانرێت لەم رێگەیەوە کیشەکان یەکلابکرێنەوە و رێککەوتنیان لەسەر بکرێت.

لە بنچینەدا لەنێو ھەناوی کێشەکاندا نابێ کێشەکان سەربکێشێ بۆ دروستکردنی قەیرانی دەسکرد، لێرەوە پێویستە وردبینەوە کە کێن ئەوانەی قەیرانی دەستکرد دەخولقێنن؟ کێن ئەوانەی قەیران دەشکێنن! 

ئەگەر لە مەفھومی دەروونییەوە سەیری خولقێنەری قەیرانەکان بکەین ھەندێ تایبەتمەندی ئەم کەسانە بەڕوونی لە رەفتارەکانیان دەردەکەوێ لەوانە:

خولقێنەی قەیران ھەست بە کەموکورتی دەکات و ھەمیشە ھەست بە شکست دەکات، توانای مرۆیی کەمە، دەمارگیرەئ و توانای تێگەیشتنی بۆ قوڵایی چارەسەر نییە، داخراوێکی سیاسییە، بۆیە گرینگە ھێزە سیاسییەکان سەرەتا سنوورێک بۆ خولقاندنی قەیرانەکان دابنێن کە کێن نەخشەی ئەم کارە دادەڕێژن، چونکە رای گشتی لەگەڵ کۆدەنگییە و رای گشتی ئەنجامێکی روونی دەوێ بۆ چارەکردنی کێشەکان.

قەولێک ھەیە دەڵێ، قەیران نە شەڕە و نە ئاشتی، بەڵکوو قۆناغێکی چارەنوسسازە کە دەکرێ شەڕی لێ ھەڵگیرسێ، یانیش متمانەی ئاشتی بخاتە مەترسیەوە. مەترسیدارترین قەیران قەیرانی دەستکردە کە مرۆڤی خولقێنەری قەیران دەیەوێ لە ھەناوی قەیراندا میلادێکی فەوزا بنێتەوە لە پێناو بەدەستھێنانی بەرژەوەندییەکی تایبەتی.

دەستپێشخەری سەرۆک نێچیرڤان بۆ کۆدەنگی نێوماڵی کوردستان جگە لەوەی کاریگەری بەسەر پێگەی ھەرێم دەبێت، ھاوکات بۆ سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا گرینگە و دەبێتە شکێنەر بۆ ئەو قەیرانانەی کە دەسکردن.

لە جەژنی رەمەزانەوە تا ئەمڕۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دەستپێشخەری پەردەوامدایە تا ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم بگەڕێنەوە نێو بازنەی کۆدەنگی و ئاشتەوایی، ئاشتەوایی سیاسی دروستنابێ ئەگەر ھێزە سیاسییەکان لە خولقاندنی قەیرانی دەستکرددا بەردەوام بن، قەیرانەکان ئەگەر بۆ بەرژەوەندی حزبێک بریتیبێ لە دەسکەوتێکی کاتی، لە ئەنجامدا بۆ بەرژەوەندی ھەرێم بریتییە لە شکستێکی درێژ خایەن.

شکستی ھەرێم واتە شکستی کۆی پرۆسەی سیاسی، لە پرسی وزەدا تا سیستەمی حوکمڕانی، ھەر خۆی ھەرێم لە جەبھەیەکی جیدی دایە لەگەڵ بەغدا بە تایبەت لە شەڕی ئابووری، تاکە گرەنتی بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم شەڕە ئابوورییە تەنیا یەکخستنی نێوماڵی کوردستانییە، بۆ سەرخستنی ئەم پرسە پێویستە ئەم قەیرانە دەستکردانە بشکێندرێن.

قەیران ئەگەر دەستکردی سیاسی بوو ئەگەر دەستکردی ئابووری بوو لە مێدیادا تەرویجی بۆ کرا، رەنگدەنەوەی خراپی لەسەر لایەنی سایکۆلۆژی خەڵک دەبێ، بۆیە ھێزە سیاسییەکان پێویستە ئەم دەرفەتەی سەرۆک نێچیرڤان لە دەستنەدەن، بەغدا بە ڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە دژی ھەرێم جەنگی ئابووری دەستپێکردووە، ئامانج بە بارمتەکردنی ئابووری ھەرێمە، ئەگەر یەکدەنگ بین پێکەوە بین لەیەک سەنگەری دژ بەم بڕیارانە بین، ئەوا سەردەکەوین.

ناکرێت گفتوگۆ ھەبێت لە ھەماناتدا ھەندێ لێدوانی ئیستفزازی کە خزمەت بە قەیرانی دەستکرد دەکات بخرێنە نێو مێدیاوە، پێویستە چەند کەسێکی پشت لێدوانە زبرەکانی نێو مێدیا دەست  لەم لێدوانانە ھەڵگرن، چونکە فەوازا بۆ  ئاشتەوایی قۆناغەکە کارێکی دروست نییە.

 گرینگە پارتی و یەکێتی لە ئێستادا پەلە لە یەکخستنی نێوماڵی کوردستانی بکەن، چونکە ھیچ کات درەنگ نییە کە ئێمە لەوە تێبگەین ھەمووان دەتوانین بەیەکەوە لەم قۆناغەدا پێگەی ھەرێم بپارێزین، چونکە ئەم پێگەیە تەعریفە بۆ سەنگ و شکۆی ھەموو ھێزێکی سیاسی، ھەرچی شەڕی دەروونی ھەیە ھێزە سیاسییەکان لەم دیدارەی سەرۆکایەتی بینێژن، بەم شێوایە دەتوانرێ لە کۆی رەنگەکان دەنگێکی بوێرتر بۆ قەزیەی کوردی لە ناوچەکە بڵند کەین.


تەنیا کوردی 
 





ئەم هەواڵە 5764جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad