ZNA-هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 18-5-2023) نرخی نەوتی برێنت 20 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بەهەمان بڕ، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 72 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی چوارشەممە بەهۆی گەشبینی بازرگانان بە دانوستاندنەکانی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر قەرزەکانی حکومەتی ئەمریکا، نرخی نەوت زیاتر لە 2 دۆلار بەرزببووەوە. کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، هەروەها هۆکارێکی دیکە بوو بۆ پاڵپشتی زیاتر لە نرخەکانی نەوت.
رۆژی چوارشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و کێڤین ماککارتی، سەرۆکی کۆنگرێس رایانگەیاند، رێگە بە داخستنی حکومەت نادەن لەسەر قەرزەکانی و زیاتر لە جاران لە رێککەوتن لەو بارەیەوە نزیکبوونەتەوە.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانان چاوەڕێی ئاماژەی روونترن سەبارەت بە رێککەوتن لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی رێگەپێدراوی قەرزەکان بۆ حکومەت".
ئەو شرۆڤەکارە هەروەها گوتی، بازاڕی نەوت پێویستی بە ئاماژەی زیاترە لەسەر ئەوەی کە رێگەنادریت قەیرانی قەرزەکان ببێتە کارەساتێکی ئابووری، هەروەها خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرزدەبێتەوە.
ئەم هەواڵە 211جار خوێندراوەتەوە |