ZNA-هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1976 دۆلار دوای ئەوەی رۆژی رابردوو دابەزی بوو بۆ 1954 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەکاتێکدایە کە دانوستاندنەکانی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لە ئەمریکا لەسەر ئاستی رێگەپێدراوی قەرزەکان بەردەوامە و هێشتا رێککەوتن لەوبارەیەوە نەکراوە.
ناڕوونی و نادڵنیایی پەیوەست بە رەوشی ئابووریی ئەمریکا و هەروەها بابەتی قەرزەکانی ئەمریکا نرخی هەر ئۆنسە زێڕی دابەزاندووە بۆ خوار 2000 دۆلار.
لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی زێڕ لە نێوان 1950 دۆلار تاوەکو 1970 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.
تاوەکو ئێستا رێککەوتنێک لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکان سەبارەت بە ئاستی قەرزەکان نەکراوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە دەرفەتێکی زۆر لەبەردەم ئەمریکا نەماوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، سەرەتای ئەم مانگە حکومەتی ئەمریکا بێ بودجە دەبێت و ئەگەر ئەوە رووبدات "کارەساتێکی ئابووریی گەورە"ی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی شرۆڤەکاران، ناڕوونی پەیوەست بە دانوستاندنەکانی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان بووەتە هۆکار کە نرخی زێڕ پاڵپشتی بکرێت و دووربکەوێتەوە لە ئاستە نزمەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی.
ئەم هەواڵە 199جار خوێندراوەتەوە |