ZNA- هەولێر
وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە کێڵگەیەکی پارێزگای بەسرەدا، دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە گۆگرد دا گرت.
ئەمرۆ دووشەممە، 29-5-2023، لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی ژینگەی عێراق داهاتووە، "نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق، سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنێکی کرد کە تیایدا تیمەکانی وەزارەت، بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و پۆلیسی ژینگە"، هەڵیکوتایە سەر یەکێک لە کێڵگەکان کە دەکەوێتە ئوم قەسر لە بەسرە.
لەراگەیەندراوەکەشدا هاتووە، یەکێک لە بەڵێندەران بڕێکی زۆر لە گۆگردی هەڵگرتبووکە بە دەیان تۆن مەزەندە دەکرێت، هەروەها بە شێوەیەکیش هەڵگیراوە کە مەرجە سەرەکیەکانی ژینگەیی پیشەیی تێدا نەبووە، بەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی مەترسییەکی بەرچاو لەسەر ژینگە و تەندروستی.
ئاماژەی بەوەشکرد، "کێڵگەکە هی یەکێک لە بەڵێندەرەکان بووە، کە بڕێکی زۆر لە گۆگردی لە ئەنجامی کارە نەوتییەکانەوە هەڵگرتوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ فرۆشتنی ئەو گۆگردانە، هەروەها کاتێک نەیتوانیوە ئەم بەرهەمە بخاتە بازاڕەوە بەهۆی کۆنتڕۆڵەوە لەلایەن دەزگاکانی ژینگە و ئەمنیەوە"، بووە هۆی کەڵەکەبوون و هەڵگرتنی لە ناوچەیەکی دوور بە شێوەیەک کە پێشێلکردنی بارودۆخی تەندروستی و ژینگەیی تێدابووە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "رێوشوێنی یاسایی پێویست لەلایەن تیمەکانی ژینگەپارێزی و بەشەکانی دیکەوە گیراوەتەبەر، جگە توندکردنی ڕێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردن لەسەر ئەو شوێنەی کە پێشتر ئاماژەی پێکراوە".
ئەم هەواڵە 676جار خوێندراوەتەوە |