ZNA - ههولێر
ئەمڕۆ شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە وەک سەرۆککۆماری تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات و دواتر کابینەی نوێی حکومەتەکەی رادەگەیێنێت.
چاوەڕوان دەکرێت رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە کاژێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی ئەنقەرە (هەمان کات بە گوێرەی هەولێر) دەستپێبکات و ئەردۆغان لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات؛ دواتر لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ژمارەیەک وڵات، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە گوتارێک پێشکێش دەکات و باس لە پلانی پێنج ساڵی حکومەتەکەی لەنێوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی دەکات.
هەر ئەمڕۆ ئەردۆغان ناوی وەزیرانی کابینەکەی رادەگەیێنێت و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە؛ رۆژی 4ی حوزەیرانیش، وەزیرانی کابینە نوێیەکەی حکومەتی تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا سوێندی یاسایی دەخۆن و رۆژی 5ی حوزەیران، لەگەڵ وەزیرانی پێشوو ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکەن و دەستبەکار دەبن.
ژمارەیەک سەرکردە بۆ رێوڕەسمەکە بانگهێشتکراون، لەوانەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی دۆستانە و بەهێز لە نێوانیاندا هەیە.
ئەم هەواڵە 211جار خوێندراوەتەوە |