ZNA - ههولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت نێوەندێکی ئەرشیڤی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراق دروستدەکەن، کە ملیۆنان بەڵگەنامەی دیجیتاڵی لەخۆدەگرێت و ئەو تاوانانە پێشاندەدەن، کە داعش لە عێراقدا کردوونی.
رۆژی چوارشەممە 7ـی حوزەیرانی 2023، تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش ناسراو بە UNITAD، رایگەیاند، لەماوەی داهاتوودا نێوەندەکە دەکرێتەوە و گوتیشی "نەتەوە یەکگرتووەکان کردنەوەی ئەو نیوەندە ئەرشیڤییە بە گرنگ دەزانێت".
کریستیان ریچەر، لێکۆڵەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "ئەوە زۆر روونە، ئەگەر لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بەیەکەوە کار بکەین، ئەوا تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش، دەتوانێت سەرکەوتووبێت".
داواکاری گشتیی پێشووی ئەڵمانیا کە بەدواداچوونی بۆ تاوانەکانی داعش کردووە، دەڵێت "دروستکردنی ئەو نێوەندە ئەرشیڤییە مانای ئەوەیە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە نێودەوڵەتییە قێزەونانە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت"، گوتیشی "دڵنیاتان دەکەمەوە؛ هیچ کەموکورتییەک لە بەڵگەکانی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراقدا نییە".
داواکاری گشتیی پێشووی ئەڵمانیا باسی هۆکاری دامەزراندنی ناوەندەکەی کرد و گوتی "داعش بیرۆکراسییەکی گەورە و سیستەمێکی کارگێڕیی هاوشێوەی دەوڵەت بوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی UNITAD پڕۆژەیەکی گەورە بۆ بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکانی تاوانەکانی داعش دەستپێبکات".
زیاتر لە 8 ملیۆن لاپەڕە بەڵگەنامەی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لەنێو نێوەندە ئەرشیڤییەکەدا هەڵگیراون و لە سیستەمی دادوەریی عێراقدا سوودیان لێ وەردەگیرێت، ئەوەش وەک نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات.
بەگوتەی کریستیان ریچەر، بە رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق. ئەرشیڤەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دەخرێتە بەردەست.
باسی لەوەش کرد "نێوەندە ئەرشیڤییەکە دەتوانێت ببێتە بڕبڕەیەکی گرنگ بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دادوەری ئەلیکترۆنی لە عێراق و وەکو نموونەیەکی پێشەنگ نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە ناوچەکە و جیهانیش پشتگیری لێبکرێت".
رووداو
ئەم هەواڵە 652جار خوێندراوەتەوە |