English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نۆ ساڵ بەسەر داگیركردنی مووسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تێپەڕدەبێت
2023-06-10 [10:42 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

رۆژی شەشی حوزەیرانی 2014 ژمارەیەك چەكداری رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە خاكی سووریاوە دزەیان كردە ناو خاكی عێراق و لە میانی سێ رۆژدا و بەدیاریكراوی لە نۆی حوزەیران ھێرشیان كردە سەر شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا كە بەدووەم گەورە شاری عێراق دادەندرێت .

شاری مووسڵ لە 10ی حوەزیرانی 2014دا، بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەك لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە بەتەواوەتی داگیركرا.

داگیركردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە دوای ئەو ھات كە ھەزاران سەربازی سوپای عێراق بێ ھیچ رووبەڕووبوونەوەیەك ھەڵاتن و چەك و جبەخانەی گەورەی سەربازییان بۆ رێكخراوەكە جێھێشت، ئەمەیش بووە ھۆی بەھێزبوونی توانای سەربازیی داعش و لێرەوە جوڵەكانی خۆی دەست پێ كرد و پێگەی خۆی لە عێراق بەتایبەت لە شاری مووسڵ بەھێز كرد.

رۆژی 29ی حوزەیرانی 2014، گوتەبێژی داعش، ئەبو محەمەد عەدنانی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا خەلافەتی ئیسلامی لە مووسڵ راگەیاند، ھاوكات ئەبوبەكر بەغدادی-یشی بە خەلیفە راگەیاند.

چەند رۆژێك دواتر و بەدیاریكراوی لە رۆژی چواری تەمووزی ھەمان ساڵ، ئەبوبەكر بەغدادی لە گوتاری نوێژی ھەینیی لە مزگەوتی نوری لە شاری مووسڵ بەدیار كەوت و رایگەیاند كە شوێنكەوتووانی خەلافەتیان راگەیاندووە و ئەویشیان وەك خەلیفە دیاری كردووە.

دواتر چەكدارانی داعش ھێرشی فراوانیان بۆ داگیركردنی شارەكانی دیكەی عێراق و فراوانكردنی ھەژموونی خەلافەتەكەیان دەست پێكرد و توانیان دەستبەسەر تەواوی پارێزگاكانی نەینەوا، ئەنبار و بەشێكی زۆری پارێزگاكانی سەڵاحەددین، دیالە و كەركووك-دا بگرن.

ــ زیانە گیانی و ماددییەكانی داگیركردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە

لە یەكی مانگی تەمووزی 2017 دا، رۆژنامەی ئیندپێندیتی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی عێراق بڵاویكردبووە، ژمارەی ئەو مەدەنیانەی كە لە كەوتنی شاری مووسڵ تا كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە كوژراون، گەیشتووەتە 40 ھەزار كەس.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان لە میانی داگیركردنی شاری مووسڵ لە ساڵی 2014دا، ھەزار و 429 مەدەنی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، كوژراون.

ئاشكراشی كردبوو كە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، 30 ھەزار تیرۆریستی داعش لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون.

بە گوتەی بەرپرسانی عێراق بەھۆی كەوتنی شاری مووسڵ بە دەستی داعش، بەرێژەی لە سەدا 70 زیان بە ژێرخانی شارەكە كەوتووە و رایانگەیاندووە كە زیانە ماددییەكانی شەڕی مووسڵ بە 100 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی 2014دا تا 2017دا، 15 ملیار بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی شارەكە خەرجكراوە.

ــ بەھۆی پەلامارەكانی داعش بۆسەر پارێزگای نەینەوا 350 ھەزار كەس ئاوارەبوون

لە كاتێكدا بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بەھۆی ھێرشەكانی داعش بۆسەر شاری مووسڵ لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2017، 235 ھەزار كەس ئاوارە بوون، بەڵام پێشتر بەرپرسانی پارێزگاكە ئاشكرایان كردبوو كە 350 ھەزار كەس ئاواربوون.

ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەكانی پارێزگای نەینەوا، روویان لە ھەرێمی كوردستان كرد و لە كەمپەكاندا نێشتەجێ كران.

ــ داگیركردنی شاری مووسڵ و ژمارەیەك ناوچەی دیكەی عیراق ھەموو جیھانی تووشی شۆككرد

داگیركردنی شاری مووسڵ و ژمارەیەك ناوچەی دیكەی عێراق لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، وڵاتانی جیھانی تووشی شۆك كرد، ئەوە بوو لە 10ی ئەیلوولی 2014، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەڕابەرایەتیی ئەمریكا بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق و سووریا، پێكھێنرا.

ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش كە 85 وڵات تیایدا ئەندامن لە ساڵی 2014وە تا ساڵی 2017 رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریی ھەبوو لە تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا.

ھەروەھا ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە ساڵی 2014وە تا ساڵی 2017 بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكانی عێراق، چەندین ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر رێكخراوی داعش لە عێراق ئەنجامدا كە لە میانیدا گورزی گوشندەیان لە تیرۆریستانی رێكخراوەكە وەشاند.

ــ ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ

رۆژی 17ی تشرینی یەكەم 2016 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق و ھێزەكانی پێشمەرگە بەپاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دەستی پێكرد و رۆژی 10ی تەمووزی 2017، دوای شەڕێكی سەخت، شارەكە بەتەواوی كۆنترۆڵكرایەوە.

 





ئەم هەواڵە 430جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad