English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەمشەو جەنگی کۆتایی چامپیۆنزلیگە.. یاریی دیاریکردن گەورەی ئەوروپایە
2023-06-10 [11:22 AM]

ZNA - هەولێر


ئەمشەو کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی ئەتاتورکی ئۆڵیمپی لە ئیستەنبوڵ، یاریی کۆتایی چامپیۆنزیگ، لەنێوان مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بەڕێوەدەچێت. کە یانە ئینگلیزییەکە خوازیارە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ببێتە پاڵەوانی ئەوروپا. ئینتەرمیلانیش دەیەوێت بۆ چوارەم جار لە مێژوویدا نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە.

 

مانچێستەر سیتی

 

مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لە وەرزێکی ناوازەی لێوانلێو لە نووسینەوەی مێژوودا، خۆی لەبەردەم یەکەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژوودا دەبینێتەوە.

 

سیتی پاش بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ و جامی ئەی ئێف کەپ، دەیەوێت ئەو سەروەرییە بۆ ئینگلتەرا و خۆی بنووسێتەوە کە لە یەک وەرزدا سیانەی مێژوویی خستووەتە پاڵ یەک و لە نێو دێڕەکانی مێژوودا وەک پەرجوویەک پێشاندەدرێتەوە.

 

مان سیتی، لە رووی پێکهاتە و هێز و ئەزموون و لێهاتووییەوە، ئێستا لە هەموو کات ئامادەترە بۆ ئەوەی بەو نازناوە بگات کە پێشتر پێی نەگەیشتووە. ئەو یانەیە ئێستا ئیدی لە لووتکەی ئاست و ئەنجامەکانیدایە و لە هەموو کات ئامادەترە بۆ ئەوەی جامەکەی چامپیۆنزلیگ بباتەوە نێو رەفەی نازناوەکانی خۆی.

 

سیتی ساڵانێکی بەرچاوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە دەدات.. بوونی پێپ گواردیۆلا و باڵادەستبوون بەسەر چەند ساڵی رابردووی پرێمەرلیگدا و بوونی پێکهاتەیەکی بەهێزی پڕ یاریزانی گەورە و ئەستێرە، وایانکردووە تیپەکە گوشاری زۆری لەسەربێت بۆ ئەوەی نازناوەکە بباتەوە.

 

مان سیتی و پێپ گواردیۆلا پێشتر جارێک خۆیان لە فایناڵی چامپیۆنزلیگدا بینیوەتەوە، بەڵام ئەوکات ئەوەی نازناوەکەی بردەوە ئەوان نەبوون، بەڵکو چێڵسی رکابەرییان بوو.. شکستی ئەو یارییەی فایناڵ لە وەرزی 2020 - 2021 تاوەکو ئێستاش هەر لە ئەستۆی گواردیۆلا دادەنرێت و بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە زیاد لە پێویست لە یارییەکەدا فەلسەفەی لێدا.

 

ئێستا پێدەچێ تەمەن و ئەزموون وایان لە گواردیۆلا کردبێت لە جاران وردتر بیر بکاتەوە و نەرمتر بڕیار بدات.. خۆیشی هەموو کات ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە ئیدی بۆ یارییە گرنگ و هەستیارەکان وازی لە سەرکێشی هێناوە و خەمی سەرەکیی، بردنەوەیە.

 

ئێستا کە پێپ وەرزێکی راست بینانەی دوور لە سەرکێشی و فەلسەفە لێدانی تێپەڕاندووە و بە دوو نازناو گەیشتووە، چاوەڕێکراوە لێی، لەم یارییە هەستیارە چارەنووسسازەدا، پەنا بۆ فەلسەفەی زیادە نەبات و پاش ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی، جامەکەی چامپیۆنزلیگ لە نێو دەستەکانی خۆیدا ببینێتەوە.

 

ئینتەرمیلان

 

کاتێک ئینتەرمیلان سەرەتای وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگی دەستپێکرد، کەس بەخەیاڵیدا نەدەهات ئەو یانەیە لە باشترین دۆخ و دەستکەوتیدا، قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە تێبپەڕێنێت،، کەچی ئەنجام پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان بوون، ئینتەرمیلان یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدات.

 

ئینتەرمیلان کاتێک لە دوای تیروپشکی وەرزەکە روونبووەوە لە کۆمەڵەیەکدا دەبێت بایرن میونشنی ئەڵمانی و بارسێلۆنای ئیسپانی لەگەڵ دەبن، باشترین چارەنووسی پێشبینیکراو بۆ یانەکە، بەدەستهێنانی پلەی سێیەم و رووکردنە یۆرۆپالیگ بوو بۆی، بەڵام جادووەکە پێچەوانە بووەوە، ئەو یانەیە قۆناخ بە قۆناخ سەرکەوت و ئێستا یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدات.

 

ئەوەی وایکردووە چارەنووسێکی باش بۆ ئینتەرمیلان پێشبینی نەکرێت، نەبوونی پێکهاتەیەکی بەهێز و نەبوونی ئەستێرەی گەورەبوو لە تیپەکەدا، ئەمە جیا لە نەبوونی راهێنەرێکی بەئەزموون و بەناوبانگ.

 

ئینتەرمیلان لە قۆناخەکانی دواتری چامپیۆنزلیگ، وەفاداریی بەرامبەر بە کولتوورە ئیتاڵییە گەورەکە لە مێژوودا، کە کولتووری کاتیناچۆ و بەرگری بەهێزە پێشاندا و هەر ئەوەش وایکرد یانەکە قۆناخ بە قۆناخ لە چامپیۆنزلیگ بپەڕێتەوە.

 

بۆ دوایین یاریی لە پاڵەوانێتییەکەدا، ئینتەرمیلان ئامادەییەکی باشی پێشانداوە.. ئەوەی چانسی سەرکەوتن لە یارییەکەدا بە یانە ئیتاڵییەکە دەبەخشێت، ئەوەیە کە کەمترین گوشار لەسەر تیپەکە هەیە، چونکە ئەو یانەیە هیچکات بەربژێری نازناوەکە نەبوو.

 

ئەگەرچی هەموو پێشبینییەکان بۆ یارییەکەی ئیستەنبوڵ بە ئاراستەی سەرکەوتنی مانچێستەر سیتین، بەڵام ئەوەی کە خاڵی درەوشاوەی ئینتەربووە بەدرێژایی وەرزی پاڵەوانێتییەکە ئەوەیە کە هەموو کات وەک تیپێکی هاوسەنگ خۆی پێشانداوە، کەی ویستبێنی هێرشی بردووە و کەی مەبەستی بووبێت، باشترین بەرگری کردووە، بۆ یارییەکەی ئەمشەویش، دووبارەکردنەوەی هەمان ویستی پێویستە.

 

رووداو





ئەم هەواڵە 523جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad