ZNA-هەولێر دوای سێ رۆژی بەردەوام لە دابەزین، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە 1943 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 1947 دۆلار.
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا کە تیایدا دەرکەوت رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا لە ئەمریکا بەراورد بە مانگی چوار تەنیا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەتەوە، بووە هۆکاری دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ لە رۆژی سێشەممەدا.
نووسینگەی ئاماری کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی پێنجدا رێژەی هەڵاوسان بەراورد بە مانگی پێنجی ساڵی رابردوو 4٪ بووە و بەو پێیەش دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی دوو ساڵی رابردوو.
نرخی زێڕ رۆژی سێشەممە تەنانەت تاوەکو 1971 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان دابەزی بۆ 1943 دۆلار.
خاوبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بووە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ گرەو لەسەر ئەوە بکەن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەمڕۆ رێژەی سوودی بانکیی بەرزناکاتەوە و دەستیان بە فرۆشتنی زێڕ کرد.
ئەمڕۆ کاژێر 09:00ـی شەو بە کاتی هەولێر بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکیی دەدات، بەهۆی ئامارەکانی هەڵاوسان پێشبینی دەکرێت کە نرخی سوودی بانکیی وەک خۆی جێگیر بکات و بەرزی نەکاتەوە.
ئەم هەواڵە 130جار خوێندراوەتەوە |