ZNA - ههولێر
له چوارەم کاروانی گەڕاندنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش بۆ وڵاتهكه، حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، 10 ئافرەت و 25 منداڵی لە کامپەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بردووەتەوە وڵاتهكهی.
رۆژی سێشەممە (4ـی تەممووزی 2023) وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ نێو خاکی فەرەنسا، منداڵەکان رادەستی ئەو دەزگەیانە کراون، کە سەرپەرشتی منداڵانی بێ دایک و باوکان دەکەن، لەوێ چاودێرییان دەکەن و پشکنینیان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هەروەها دەڵێت "گەورەکانیش رادەستی دەزگە دادییەکانی تایبەت بەو پرسە کراون".
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، پاریس ستایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووە "بۆ ئەو هاوئاهەنگییەی کردوویانە بۆ ئاسانکردنی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە".
بەم کاروانەوە، تائێستا فەرەنسا 218 هاووڵاتی خۆی لەو دوو کامپەی رۆژئاوای کوردستان وەرگرتووەتەوە. یەکەم کاروانی وەرگرتنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لەلایەن فەرەنساوە لە هاوینی 2022 بوو کاتێک 16 ئافرەت و 35 منداڵی لەو کامپانەی سووریا وەرگرتەوە، بەڵام فەرەنسا لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە رەخنەی لێگیراوە بەوەی پرۆسەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانی لەو کامپانە زۆر خاو بووە.
رووداو
ئەم هەواڵە 112جار خوێندراوەتەوە |