ZNA - هەولێر
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی هێرشێکی ئاسمانی کرد کە بەپێی زانیارییەکان لە شاری ئوم درمان لە سوودان ئەنجام دراوە، لانیکەم 22 کەس کوژراون.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن گوتەبێژەکەیەوە بڵاویکردۆتەوە، رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو هەواڵانەی باس لە توندوتیژی و قوربانی بەرفراوان لە ناوچەی دارفۆری سوودان دەکەن، تووشی شۆک بووە.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایگەیاند، سوپای سوودان هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر ژمارەیەک گەڕەکی نیشتەجێبوون لە شاری ئوم درمان ئەنجامدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 31 کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پشتڕاستی کردووەتەوە کە "بەهۆی بۆردومانکردنی فڕۆکە جەنگییەکان 22 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
لە 15ی نیسانەوە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵداوە، تاوەکو ئێستا زیاترلە دووهەزار کوژراو و دەیان هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە، زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوەرەبوونە.
ئەم هەواڵە 112جار خوێندراوەتەوە |