English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق جێبەجێکردنی شەش ماددەی یاسای بوودجەی راگرت
2023-07-13 [11:08 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە راگرتنی جێبەجێکردنی شەش ماددەی یاسای بوودجە و رایگەیاند کە تا ئەو کاتەی ئەو شەش ماددەیە یەکلایی دەکرێنەوە، جێبەجێ ناکرێن.

دادگای باڵای فیدراڵیی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانی بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی شەش ماددەی یاسای بوودجە دەرکردووە کە بریتیین لە ماددەکانی (٢٨/ چوارەم:أ-ب)، (٥٧/یەکەم-ج)، (٦٥/دووەم)، (٧٠/دووەم)، (٧١) و (٧٥)

راشیگەیاندووە کە لەچوارچێوەی فەرمانەکەدا، ئەو ماددانە جێبەجێ ناکرێن تا ئەو کاتەی لەلایەن دادگای باڵاوە یەکلایی دەکرێنەوە.

باسی لەوەیش کردووە، ئەو بڕیارەی لەسەر بنەمای ئەو تانانە دەرکردووە کە لەلایەن راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیران، قاسم سوحیب شەریفی لەسەر ئەو ماددانە لە دادگای باڵا تۆمار کراون.

پێشتر سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق راگەیاندبوو کە سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی تانەی لە ژمارەیەک ماددە و بڕگەی یاسای بوودجە لە دادگای باڵای فیدراڵیی تۆمارکردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەیشدابوو کە محەمە شیاع سوودانی داوای لە دادگای باڵای فیدراڵیی کردووە جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی کە تانەی لێداون رابگرێت تا ئەو کاتەی تانەکان یەکلایی دەکرێنەوە.

برگەکانی (أ و ب)ی ماددەی ٢٨ی یاسای بوودجەی تایبەتن بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لەچوارچێوەی ھێزە ئەمنییەکان، حەشدی شەعبی، حەشدی عەشائیری و ھێزەکانی پێشمەرگە لە دوای ٩/٤/٢٠٠٣ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی دژبە تیرۆر و بەھەڵەی سەربازیی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

لە ماددەی (٥٧/ یەکەم/ ج) باس لەوە کراوە کە لەسەدا ٠،٠٠١ مووچەی فەرمانبەرانی ھەموو وەزارەتەکان و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و خانەنشینان ببڕدرێت.

ھەروەھا لە ماددەی (٦٥/ دووەم) دەسەڵات دراوەتە ئەنجوومەنی زانکۆکان گرێبەست لەگەڵ کەرتی تایبەت بکەن بۆ بەشداریکردن لە بواری دروستکردنی نەخۆشخانەی فێرکاریی، تاقیگەی راوێژکاریی و کارگەی بەرھەمھێنانی زانستی و وەبەرھێنانی کشتوکاڵی.

لە ماددەی ٧٠ی یاساکەدا، باس لە زیادکردنی بڕی خەرجی دیاریکراو کراوە کە لە پرۆژەی حکوومەتدا ھاتووە.

لە ماددەی ٧١یشدا، حکوومەت پابەند کراوە بەوەی بەڕێوەبردنی سەرجەم دام و دەزگاکان بە وەکالەت تا کۆتایی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، کۆتایی پێ بھێنێت.

ھاوکات ماددەی ٧٥ تایبەتە بە راگرتنی گرێبەست و دامەزراندن، لەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٣١٥ی ساڵی ٢٠١٩ دەیانگرێتەوە.

 

AA





ئەم هەواڵە 847جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad