English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
به‌غدا... سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئوردن كۆبوونه‌وه‌
2023-07-25 [03:40 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبوویەوە، دواتر لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز، ھیچ پەیوەندیی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە نییە، بەڵکو ڕق و کینە زیاتر دەکات.

سەرەتا محەمەد شیاع سوودانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بیشر ھانی خەساونە کرد و رایگەیاند کە بە دووقۆڵی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگیان تایبەت بە ئاسایش، ئابووریی، تەندروستیی و خۆراک تاوتوێ کردووە و گوتی: "عێراق لە پەیوەندییەکانی دەرەوە، سیاسەتی ھاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پەیڕەو دەکات".

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند"جەخت دەکەینەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن و ھەماھەنگی عەرەبی بەرامبەر بە پرسە گرنگەکان، ھەروەھا گرنگە لەنێو وڵاتانی عەرەبییدا، ھەوڵی ھاوبەش ھەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ئێستا، ئێمە سەرنجمان خستە سەر ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردووڵات بە تایبەتی لە بواری ئەمنی، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ماددەی ھۆشبەر".

محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەیشدا، ئوردن گۆڕەپانێکی تەواوکەر و یەکگرتووە لەگەڵ ئابووریی عێراق کە سوودی بۆ ھەردوو وڵات دەبێت و گوتی: " پاڵپشتی لە ھاریکاری نێوان کەرتی تایبەت دەکەین، ھەروەھا پاڵپشتی لە ئەنجوومەنی بازرگانیی نێوان عێراق و ئوردن دەکەین بۆ کاری وەبەرھێنان لە پەرەپێدانی خانووبەرە، جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی، ھەروەھا جەختمان کردەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان ، بەتایبەتی دروستکردنی شاری پیشەسازی و تەواوکردنی ھەنگاوەکانی بەرەو بنیاتنانی شارە ئابوورییە ھاوبەشەکەی نێوان ھەردوو وڵات".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەیشی خستەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانان و وەبەرھێنانی نێوان ھەردوو وڵات کردووە و گوتی: "لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و ئوردن راسپێردراون کە ئاسانکاریی زیاتر بۆ بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات بکەن".

محەمەد شیاع سوودانی بەشێکی قسەکانی بۆ پرسی فەڵەستین تەرخان کرد و دووپاتی کردەوە کە ھەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە پرسی فەڵەستین نەگۆڕە و گوتی: "ھەڵوێستی خۆمان بەرامبەر پرسی فەڵەستین دووپات دەکەینەوە و جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە فەڵەستین مافی خۆیەتی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، ھەروەھا سەرجەم ئەو دەستدرێژییانەی کە ھێزی داگیرکار بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان ئەنجامی دەدات رەت دەکەینەوە".

محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی ئەو سووکایەتییانەی کە بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز کران رایگەیاند کە سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز، ھیچ پەیوەندیی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە نییە، بەڵکو ڕق و کینە زیاتر دەکات.

لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە رایگەیاند کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق پتەوتر دەکەن و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بوونی ھەماھەنگی سەربازیی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.

بیشر ھانی خەساونە گوتیشی: "بەدەست ماددەی ھۆشبەرەوە دەناڵێنین، بۆیە پێویستە ھاریکارییەکانمان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر پتەوتر بکەین".

ئاشکراشی کرد کە قۆناغی دووەمی بەستنەوەی کارەبای کەنداو بە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراق، بەشێوەیەکی خێرا بەڕێوەدەچێت.

رۆژی دووشەممە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣، سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لە میانیدا، کۆبوونەوەی لیژنەی ھاوبەشی نێوان عێراق و ئوردن ئەنجامدرا.

 

AA





ئەم هەواڵە 403جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad