ZNA- هەولێر
دەستەی دەستپاکیی لە عێراق رایگەیاند، دوو بەرپرسی باڵا کە تۆمەتبارن بەگەندەڵی و بۆ دەرەوە ھەڵاتبوون و لە سوڵتانشینی عومان لەلایەن ئێنتەرپۆلەوە دەستگیر کراون، رادەستی عێراق کراونەتەوە.
دەستەی دەستپاکیی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەم دوو بەرپرسەی ڕادەستی عێراق کراونەتەوە، یەکێکیان بەڕێوەبەری گشتیی پێشووە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و ئەوەی دیکەیشان بەڕێوەبەری گشتیی پێشووە لە فەرمانگەی کشتوکاڵ لە پارێزگای ئەنبار.
راشیگەیاندووە ئەم بەرپرسانە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرابوو و دواتر لەسەر بنەمای فەرمانەکان لە مانگی شوباتی رابردوو لە سوڵتانشینی عومان لەلایەن ئێنتەرپولەوە دەستگیر کران.
بە گوێرەی ئەم هەواڵە، ئەمڕۆ دووشەممە، تیمێکی سەربە فەرمانگەی گەڕاندنەوەکان بە یاوەری ھێزێکی ئەمنی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەڵەتیی لە وەزارەتی ناوخۆ (ئێنتەرپول) دوو تاوانبارەکەیان، ڕادەستی عێراق کردووەتەوە بۆ ئەوەی بدرێنە دادگا و سزای توند بدرێن.
ئەم هەواڵە 523جار خوێندراوەتەوە |