ZNA - هەولێر
بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی تونس لە سەفاقس نوقم بووە و بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 44 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
فەوزی ئەلمەسمودی، گوتەبێژی دادگای سەفاقسی تونسی گوتی: "شەوی ڕابردوو حەوت تەرم دەرهێنرانەوە، بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدانی نقومبوونی بەلەمەکە گەیشتە 11 تەرم و 44 کەسیش بێسەروشوێنن"، جگە لە ڕزگارکردنی دوو کەس، کە سەرجەمیان ڕەگەزنامەی وڵاتانی ئەفریقایان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەلەمەکە 57 کۆچبەری هەڵگرتبوو، کە لە سەفاقسەوە بەرەو کەناراوەکانی ئەوروپا بەڕێکەوتبوون، کە هێشتا گەڕان بەدوای کەسە ونبووەکاندا بەردەوامە".
ئەم هەواڵە 184جار خوێندراوەتەوە |