ZNA - هەولێر
دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، ژنێکی سیخوڕیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەرنامەی گەشتەکانی ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پێش گەشتەکانی.
دەشڵێت: ئەو ژنە هەوڵی داوە زانیاری سەبارەت بە دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بداتە رووسیا.
هەواڵگری ئۆکرانیا ناوی ژنەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام وێنەکەی بڵاوکردۆتەوە، کە ژنێکی قژ ڕەشە هەروەها جلی ڕەش و سپی لەبەردایە و لە نێوان دوو سەربازدا وەستاوە.
هەواڵگری ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە لە شاری بەندەری میکۆلایڤ لە باشووری ئۆکرانیا دەستگیرکراوە، کە زێلێنسکی دوایین جار لە 27ی تەمموزدا، سەردانی ئەو شارەی کردووە.
هەواڵگری ژنەکەی تۆمەتبار کردووە بەوەی هەوڵی دۆزینەوەی سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنی ئۆکرانیا و کۆگاکانی تەقەمەنی داوە لە نزیک شارۆچکەی ئۆچاکیڤی کەنار دەریا کە 48 کیلۆمەتر لە میکۆلایڤەوە دوورە.
روونیشی کردەوە، "ئەندامانی هەواڵگری ئەو ژنەیان لەکاتێکدا گرتووە، کە هەوڵیداوە زانیاری بگوازێتەوە بۆ رووسیا"، هەروەها لە سەردانەکەی زێلێنسکی رێوشوێنی ئەمنی زیاتر گیراوەتەبەر.
هەواڵگری باسی لەوەشکرد، ئەو ژنە خەڵکی ئۆچاکیڤە و لە دوکانێکی تایبەت بە سوپادا کاردەکات و لە یەکەیەکی سەربازیی ناوخۆیی ئۆکرانیا کەلوپەلی بە سەربازەکان دەفرۆشێت، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادگا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستگیرکردنی، ئەگەر تاوانبار بکرێت، ئەوا 12 ساڵ زیندانی دەکرێت.
ئەم هەواڵە 163جار خوێندراوەتەوە |