English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وه‌زاره‌تی گه‌یاندنی عێراق هۆكاری داخستنی تێلیگرامی راگه‌یاند
2023-08-08 [09:30 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

وەزارەتی گەیاندنی عێراق، کەناڵی تێلیگرامی لەو وڵاتەكه‌ قەدەغەکرد، بڕیارەکەشی بۆ ئەوە گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ کۆمپانیاکە ھاوکاریی عێڕاق ناکات لە سڕینەوەی ئەو پلاتفۆڕمانەی کە سەر بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن، یان کەناڵی ھەواڵی دزەپێکراون.

وەزارەتی گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ھۆکاری قەدەغەکردنی تێلیگرامی خستووەتەڕوو و، ڕایگەیاندووە کە لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاکان و پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە، ئەو بڕیارەی داوە، چونکە لەڕێگای تێلیگرامەوە زانیاری لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی و داتا کەسییەکانی ھاووڵاتییان دزەی پێکراوە کە ئەوەیش پێچەوانەی یاسایە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پێشتر دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت چەندینجار داوایان لە ئیدارەی تێلیگرام کردووە کە ھاوکاربن لە داخستنی ئەو پلاتفۆڕمانەی کە ھۆکارن بۆ دزەپێکردنی داتا و زانیارییەکانی دامودەزگا فەرمییەکان و زانیاریی کەسیی ھاووڵاتییان، بەشێوەیەک مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێڕاق و ئاشتیی کۆمەڵگا دروستکردووە، بەڵام کۆمپانیاکە وەڵامی نەداوەتەوە و ھیچ یەکێک لەو داواکارییانەی جێبەجێ نەکردووە.

وەزارەتی گەیاندنی عێڕاق بڕیارەکەی بۆ ئەوە دەگەرێننەوە کە، کۆمپانیاکە ھاوکاریی عێڕاق ناکات لە سڕینەوەی ئەو پلاتفۆڕمانەی کە سەر بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن، یان کەناڵی ھەواڵی دزەپێکراون.

پێشتریش سەنتەری میدیای دیجیتاڵیی عێڕاق "DMC" ھۆشداریی لە مەترسییەکانی تێلیگرام لە عێڕاق دابوو و ڕایگەیاندبوو، بەمدواییانە ژمارەیەک کەناڵی تایبەت بە پەرەپێدانی تەکنیکی فێڵکردن کراونەتەوە کە داتا و زانیاریی بەکاربەرانی تێلیگرام و دەزگا ئەمنی و حکومییەکانیان بردووە و ئاشکراشی کردبوو کە ژمارەیەک کەناڵ ھەن دەستیان بەسەر هەژمارێکی زۆری ئەو ئافرەتانە داگرتووە کە تێلیگرام بەکاردەھێنن و ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لێدەکەن و بەھۆیەوە ژمارەیەک کچ کوژراون و ئابڕووی دەیان خێزان براون.

ــ کاردانەوەکان لەبارەی بڕیاری قەدەغەکردنی تێلیگرام لە عێڕاق

لە یەکەم کاردنەوەدا، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەکەی وەزارەتی گەیاندن لە بارەی قەدەغەکردنی تێلیگرام لە عێڕاق رایگەیاند.

نوری مالیکی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر "X" ڕایگەیاندوووە، عێراق وڵاتێکی دیموکراسییە و بڕوای بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن ھەیە کە ئەوەیش مافێکی بنەڕەتییە، بەڵام ڕەھـا نییە.

سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا راشیگەیاندووە کە بڕیاری قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ھۆکاری ئەمنی، دەبێت جیاوازی بکات لەنێوان ئەو پلاتفۆڕمانەی کە پاڵپشتیی لە دەوڵەت و حکوومەت دەکەن لەگەڵ ئەوانەی کە ھانی رق و کینە، تووندئاژۆیی و دەستدرێژیکردنە سەر نهێنییەکانی کەسانی دیکە دەدەن.

- ژمارەیەک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان نیگەرانن لە بڕیارەکەی وەزارەتی گەیاندن لە بارەی قەدەغەکردنی تێلیگرام

ژمارەیەک زۆر لە چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی وەزارەتی گەیاندن گرتووە لە بارەی قەدەغەکردنی تێلیگرام و ڕایانگەیاندووە کە ئەو ھەنگاوی وەزارەتی گەیاندن، مەترسییە بۆسەر ئازادی ڕادەبڕین.

لەمبارەیەوە چالاکوانی مەدەنی لە عێراق، ھیشام حەسناوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە قەدەغەکردنی تێلیگرام لەلایەن حکوومەتەوە، ھەنگاوێکی سەرکەوتوو نییە، چونکە ژمارەیەکی زۆر چالاکوان ھەن کە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکاندا، پشت بە تێلگرام دەبەستن.

ھاوکات ھاووڵاتییەک بە ناوی زیا جابری کە لەڕیگای تێلیگرامەوە بژێوی خۆی دابین دەکرد لە لێدوانیکدا بۆ یەکێک لە میدیاکانی عێراق رەخنەی لە بڕیاری داخستنی تێلیگرام گرتووە.

زیا جابری ئاماژەی بەوەداوە کە تێلیگرام، تاکە سەرچاوەی بژێوی بووە و گوتوویەتی: "پەیجەکانی دیکەم کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دامناون، وەک تێلیگرام بە خێرایی کار ناکەن".

ھەر لەو بارەیەوە ڕۆژنامەوانی عێراقی، ئەحمەد سویھەیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە، تێلیگرام یەکێکە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی کە دەتواندرێت لەڕێگایەوە بە خێرایی زانیارییەکان تیایدا بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئێستا جێگای داخە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە داخراوە.

هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی وەزارەتی گەیاندن، ژمارەیەک لە میدیاکانی عێڕاق، ھەژمارەکانیان لە کەناڵی تێلیگرام داخست.

بەپێی ئامارەکان ١٦ ملیۆن کەس لە عێڕاق کەناڵی تێلیگرام بەکاردەھێنن و ئەمەش بە پلەی دووەم دێت لەدوای بەکارھێنەرانی فەیسبووک کە ژمارەی بەکارھێنەرانی گەیشتووەتە ١٨ ملیۆن کەس لە عێڕاق.

 

AA





ئەم هەواڵە 337جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad