ZNA-هەولێر نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنت 13 سەنت بەرزبووە و بە 84 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 18 سەنت بەرزبووە و بە 79 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە، هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 0.5 دابەزین.
بازرگانان چاوەڕێی کۆبوونەوەی بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ژاپۆن و بانکی ناوەندیی بەریتانیا دەکەن کە بڕیارە لە رۆژی هەینی بەڕێوەبچێت.
ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی زیاتر لە رێژەی 5٪ـی ئێستا نیگەرانی درووستکردووە کە ئابووری ئەمریکا تووشی سستبوونەوە بکات و ئەوەش خواست بۆ نرخی نەوت کەمبکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن رووسیا و سعودیەوە لە چەند مانگی رابردوودا بەردەوام هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بووە.
هیرۆکی کیکاکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نیسان سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، بازرگانان قەبارەی مامەڵەکانیان کەمکردووەتەوە و تاوەکو پێش کۆبوونەوەی سەرۆکی بانکە ناوەندییەکان ناوێرن هێندە مامەڵەی گەورە بکەن.
یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوە لە ئەمریکا کە 2.4 ملیۆن لە هەفتەی رابردوودا کەمیکردووە.
ئەم هەواڵە 61جار خوێندراوەتەوە |