ZNA - ههولێر
سەرۆک وەزیری نەرویج لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بە ئۆکرانیا دەدات، بەمەش نەرویج بەشداری لە هەوڵێکدا کرد بۆ ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بۆ ئۆکرانیا کە هۆڵەندا و دانیمارک ڕابەرایەتی دەکەن.
سەرۆک وەزیری نەرویج یۆناس گار ستۆیر وتی "پلانمان هەیە فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ببەخشین بە ئۆکرانیا، لە کاتی خۆیدا وردەکاری زیاتریش سەبارەت بە بەخشینەکە و چوارچێوەی کاتەکەی بۆ گەیاندنییان ڕادەگەیەنین."
ستۆیر لە کیێڤ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبووەوە و بەخشینی موشەکی دژە فڕۆکە و کەلوپەلی دیکەی بە ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
وەزیری بەرگری نەرویج بیۆرن ئارلید گرام وتی " بەخشینی ئەم چەند فڕۆکە F-16 یە بە شێوەیەکی بەرچاو توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا پتەوتر دەکەن."
زۆرێک لە وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ فڕۆکەی F-16 یان هەیە، کە سەرەتا لە ساڵەکانی حەفتاکاندا دروست کراوە، ئەوەش دۆزینەوەی پارچەکانی ئەو فڕۆکەیە بەبەراورد لەگەڵ ئەو فڕۆکە ڕووسیاییانەی کە ئۆکرانیا لە ئێستادا بەکارییان دەهێنێت ئاسانتر دەکات.
VOA
ئەم هەواڵە 82جار خوێندراوەتەوە |