English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
فوئاد حوسێن و حوسێن ئیبراهیم لێکەوتەکانی سووتاندنی قورئانی پیرۆزیان تاوتوێ کرد
2023-08-28 [04:06 AM]

ZNA - هه‌ولێر


ئەمڕۆ دووشەممە، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی، حوسێن ئیبراھیم تەھا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبووەوە.

ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، دوای کۆبوونەوەکە وەزیری دەرەوەی عێراق و سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامداوە.

فوئاد حوسێن لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ حوسێن ئیبراھیم تەھا خستەڕوو و ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، لێکەوتەکانی سووتاندنی قورئانی پیرۆزمان تاوتوێ کرد".

گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا، باسمان لە پرسەکانى پەیوەست بە ئیسلامفۆبیا، ڕەگەزپەرستی و جیاکاریی کرد، چونکە ئەو پرسانە دیاردەیى مەترسیدارن کە دەبەنە ھۆی جیاکاری ئاینیی، جیاوازیی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیریی".

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا، کۆبوونەوەکەی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز ئەنجامدرا، زۆر گرنگ بوو و گوتیشی: "بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دانانی میکانیزمێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا پێشکەش کراوە".

فوئاد حوسێن جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی رێزگرتن لە یاسا و دەستوور لە وڵاتانی دیکە، ھەروەھا ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕایگەیاند: " ئازادی ڕادەربڕین، ھیچ پەیوەندی بە سووتاندنی کتێبەوە نییە".

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەیش کرد کە پێشنیازیان کردووە، نووسینگەی ڕێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لە بەغدا بگۆڕدرێت بۆ نووسینگەی ھەرێمیی و جەختیشی لەوە کردەوە کە گرنگە کۆبوونەوەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامبن.

لای خۆیەوە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی، حوسێن ئیبراھیم تەھا ستایشی هەڵوێستەکانی عێراقی کرد لەھەمبەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز و گوتی: "لە دوایین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لەسەر داوای عێراق ئەنجامدرا، کاریگەریی زۆری لە ڕووبەڕووبوونەوەی ھەوڵەکان بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز ھەبوو".

لە ماوەکانی ڕابردوودا بۆ چەند جارێک قورئانی پیرۆز لە سوید لەلایەن کەسێکی بەڕەچەڵک عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا، هەروەها گرووپی "نیشتمانپەروەرانی دانیمارک" کە گرووپێکی نەتەوەپەرستی توندئاژۆی دژ بە ئیسلامن لە دانیمارک، سووتێندرا.

 

AA





ئەم هەواڵە 478جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad