ZNA-هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لەکاتێکدایە کە دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا دوای راگەیاندنی ئاماری بازاڕی کاری ئەمریکا، بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای زێڕ.
نرخی نەوت دوای کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، بەرزبووەوە. هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 24 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە، دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا، بەهای دۆلار دابەزی و نرخی نەوت 1 دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 11 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل کەمی کردووەوە، ئەوەش بووە هۆکاری زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەدا.
پێشبینی دەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا تەنیا 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل کەم بکات. توشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) لەوبارەیەوە رایگەیاند، کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نرخەکانی نەوت دادەنێت.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بۆ باهۆزی ( ئایدالیا) دەگەڕێتەوە کە لە کەنداوی مەکسیکی داوە کە یەکێکە لە گەورەترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە ئەمریکا.
ئەم هەواڵە 79جار خوێندراوەتەوە |