ZNA - ههولێر
کۆشکی سپی دەڵێت خانمی یەکەمی ئەمەریکا جیڵ بایدن پشکنینی کردووە و دەرکەوتووە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا کە پشکنینی بۆ کراوە و هەڵگری ڤایرۆسەکە نییە، بڕیارە گەشت بکات بۆ هیندستان و ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست دەبێت.
جیڵ بایدنی تەمەن 72 ساڵ کە نیشانەکانی ڤایرۆسەکە لەسەری سوکن، دوایین جار لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا توشی ڤایرۆسەکە بوو، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کە ئێستا 80 ساڵە، دوایین جار لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 دا توشی ڤایرۆسەکە بوو.
بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی خانمی یەکەم، ئیلیزابێث ئالیکساندەر، لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم ئێوارەیە خانمی یەکەم پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ کراوە و هەڵگری ڤایرۆسەکەیە. لە ماڵەکەی خۆیان لە ڕەهۆبۆث بیچ لە دیلاوێر دەمێنێتەوە."
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بایدن بە تەنها لە دیلاوێرەوە گەڕایەوە بۆ واشنتن.
کۆشکی سپی وتی " دوابەدوای توشبوونی خانمی یەکەم بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرۆک بایدن پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ کراوە. سەرۆک هەڵگری ڤایرۆسەکە نیە، سەرۆک لەم هەفتەیەدا بە شێوەیەکی ئاسایی پشکنین دەکات و چاودێری نیشانەکانی دەکات."
ماوەیەکی کورت دوای ڕاگەیاندنی توشبوونی خانمی یەکەم بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، خشتەی کارەکانی هەفتەکەی سەرۆک بایدن ڕاگەیەندرا، لە خشتەکەدا دەردەکەوێت کە سەرۆک بایدن ڕۆژی پێنجشەممە گەشت دەکات بۆ نیودەولهی و ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست دەبێت. ڕۆژی یەکشەممەش سەردانی هانۆی دەکات.
voa
ئەم هەواڵە 163جار خوێندراوەتەوە |