ZNA-هەولێر
میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەم مانگەدا سەردانی ئەمەریكا دەكات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2023، میدیا عێراقییەكان لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویانكردووەتەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 20ی ئەم مانگە سەردانی ئەمەریكا دەكات.
لەبارەی بەرنامەی سەردانەکە، بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرك بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەكات.
وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، بڕیارە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سوودانی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 10ـی شوباتی ئەمساڵ، شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ وۆڵی ئادیمۆ، جێگری وەزیر و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا باسیان لە "ژمارەیەک پرسی هاوبەش و پێکەوەکارکردنی نێوان هەردوو وڵات" کرد.
ئەم هەواڵە 697جار خوێندراوەتەوە |