English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
شۆرشی ئەیلوول چەتری کۆکردنەوەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان
2023-09-10 [05:59 AM]

نووسین: وەیسی سەعید وەیسی


بەو پێیەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، بە سوودوەرگرتن لە فەلسەفە و فکر و ستراتیژییەتی بارزانیی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ھەر لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە، بەیەکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن بنەما سەرەکییەکانی کولتوورە سیاسییەکەی پارتی و رێبازی بارزانی بووە، بۆیەش ھەر زوو ناوی خۆی لە (پارتی دیموکراتی کورد) کردە (پارتی دیموکراتی کوردستان) تا حزبی ھەموو کوردستانییان بێت.

ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول،‌ کە شۆڕشێكی كوردستانی بوو لە بواری سياسى، كۆمه‌ڵايه‌تى، چه‌كداري و فيكرى، بۆ رەواندنەوەی تەمی نائومێدی و رەتکردنەوەی ئەو جەوروستەمەی بەسەر گەلی کوردستان سەپێندرابوو، ھەمان تێڕوانین رەنگی دابووەوە، بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی و داکۆکیی لە مافی ھەموو پێکھاتەکان دەکرد. شتێکی بەڵگەنەویستە، كولتووری بەیەكه‌وه‌ژیان لە کوردستاندا کولتوورێکی بەھێزە و ھیچ ڕژێم و ھێزێک نەیتوانیوە تێکی بدات.

شۆڕشی ئەیلوول، چەترێكی گەورە بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌کان، بۆیەش بارزانیی نەمر وەک سەرکردەیەکی ڕۆحی و نەتەوەیی و نیشتمانی، بە کردار بەیەکەوەژیانی لە دروشمەوە کردە واقیع، پەیڕەوکارانی ھەموو ئایینەکانی کۆ کردەوە و بەیەکەوە لەپێناو ئازادیی کوردستان، بەرپەرچی زوڵم و ستەمیان دەدایەوە، لە یەک سەنگەردا خوێنی شەھیدانی کوردستان (ھورمز ملک چەکۆ، حاجی خدر خرمە، مەحموود ئێزدی، ئادەم قەیسەر، مارگرێت، ئەلیاس یۆنان گلیانە، میخائیل بنیامین شاھین، جەمال فەتاح کاکەیی) تێکەڵاوی یەکتر بوو.

شۆڕشی ئەیلوول، پارێزەری مافی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان بوو، لەم پێناوەیەشدا قوربانیی گەورەی دا و بەردەوام کار دەکرا لەپێناو برەودان بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵکردنەوەی فەرهەنگی یەکتر قبووڵکردن لە کوردستان.
پێڕەوكارانی سەرجەم ئایین و ئایینزاکان بەبێ جیاوازی ھەستیان بە بوونی خۆیان دەکرد، ھەمیشە پاڵشت و پشتیوانی شۆڕش بوون، كۆمەڵێك سەركردە و كادیری دیاری پێکھاتە و مەزھەبی جیا جیا لە (توركمان، ئاشووری، كلدان، سریان، ئەرمەن، کاکەیی، فەیلی، ئێزدی)یش لەنێو شۆڕشدا هەبوون و تا ئێستاش هەن و خاوەن پێگە و رۆڵی دیارن.

جگە لەوەی جەنابی بارزانیی نەمر لە سۆنگەی بڕوابوون بە پێكەوەژیان، هەمیشە ڕێزی لە پیرۆزییە ئایینییەكان دەگرت، لە دانیشتنەکانیدا پیاوانی ئایینیی ھەموو ئایینەكان و خەڵكی هەموو نەتەوەكان دەبینران، بیروڕا و سەرنج و تێبینییەكانیانی بەهەند وەردەگرت، لە دروستکردنی شوێنی خواپەرستی بۆ باوەڕدارانی ئایینەکان ھیچ جیاوازییەکی نەدەکرد، ژمارەیەک لە پاسەوانە تایبەتییەکانی لە پێشمەرگەی سەر بە پێكهاتە و ئایین و مەزھەبی جیاجیاكان بوو.

لە کاتی مۆرکردنی رێككەوتننامەی ١١ی ئاداریش، مافی ھەموو ئایین و نەتەویەك چەسپێندرا، لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای ئەوکاتی عێراق رێگا نەدرابوو جگە لە موسڵمان ھیچ باوەڕدارێکی دیكە ببێتە (قائیمقام)، بەڵام پێ داگیری و سووربوونی بارزانیی نەمر، وای کرد رەحمەتی (فرەنسۆ ھەریری) کە بە ئایین ئاشووری بوو، بکرێتە یەکەمین (قائیمقامی قەزای چۆمان)، ھەر بە پێداگریی بارزانیی نەمر، حکوومەتی عێراق ناچار کرا دان بە مافی رۆشنبیریی پێکھاتەی تورکمان بنێت، تەنانەت ئەوکات پۆستی بریکاری وەزارەتێک لە حکوومەتی عێراق بەر پشکی کورد کەوت، کە لەلایەن تورکمانێک بەڕێوە دەبرا، بارزانیی نەمر رەزامەندیی نەدا کە تورکمانەکە لاببردرێت.

لە رووی مەزھەبییشەوە، کوردانی فەیلی ھەمیشە رۆڵ و پێگەی دیاریان ھەبووە لەناو ریزەكانی شۆڕشدا، بە ھاوکاری و کۆمەکی چەندین سەرمایەداری فەیلی، کەلوپەل و ئامێر و کەرەستەی ئێزگەی دەنگی کوردستان کڕدرا، بۆ یەکەم جاریش بە دەنگی (تاڵیب جەبار داوود) کە کوردی فەیلی بوو، ئێزگە بە دروشمی (ئێرە دەنگی کوردستانە) دەستی بە کار کرد.

بۆ پشتیوانیکردن لە ئێزدییەکان، کە رووبەڕووی شاڵاوی سەربازیی سوپای عێراق و بۆمبارانکردن و راگواستن و تەعریب دەبوونەوە، بە بڕیاری بارزانیی نەمر، لە ٢٥ی ئابی ١٩٧٣ یەکەمین مانگرتنی گشتی لە سەرتاسەری کوردستان راگەیاندرا.
بێ گومان ئەزموونی ساڵانی شۆڕشی ئەیلوول سەلمێنەری ئەو راستییەن کە چەتری کۆکردنەوەی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان بوو.

ئێستاش، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، سەرۆک مەسعود بارزانی، بەردەوامیی بەم فەرھەنگە داوە، بۆ داکۆکیکردن لە مافی ھەموو پێکھاتەکان، بۆ بنیاتنانی ئێستا و داھاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانمان، لەپێناو بەردەوامیدان بە بەھا بەرز و مرۆییەکان و قووڵکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیان و پاراستنی مافەکانی مروڤ و یەکسانی و ئازادییەکان، لەنێوان ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکاندا، بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشكەوتنی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆستانە کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت.





ئەم هەواڵە 382جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad