English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراق و نەمسا رێککەوتنێکی ئەمنی واژوو دەکەن
2023-09-12 [10:33 AM]

ZNA-هەولێر


 

وەزیری دەرەوەی نەمسا کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا رادەگەیەنێت و دەشڵێت، "عێراق رۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە دەگێڕێت". هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراقیش ئاماژە بەوە دەدات، "پێشوازی لە کۆمپانیا نەمساییەکان بۆ عێراق دەکەین".

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023، گەیشتە بەغدا؛ بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئه‌لیكسانده‌ر تشالنبێرگ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان لەبارەی ئامانجی سەردانەکە و کردنەوەی باڵیۆزخانەی نەمسا لە بەغدا ئەنجامدا.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا،  گفتوگۆیان لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا کردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ نەمسا لە ئاستێکی باشدان و بەردەوامییان هەیە".

فوئاد حوسێن ئەوەشی خستەڕوو، "عێراق پێشوازی لە کۆمپانیا نەمساییەکان دەکات و ئێستا لە عێراق جووڵەیەکی بونیادنان هەیە". گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان لەسەر گەڕانەوەی هێڵە ئاسمانییەکانی نەمسا بۆ بەغدا کرد".

وەزیری دەرەوەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، "دەستوور رێگە بە هیچ لایەنێک نادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت و رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر سنووری ئێران و عێراق".

فوئاد حوسێن هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی سەردانی تاران دەکات و پابەبدنوونی عێراقی بە رێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران دووپاتکردەوە. گوتیشی، "رێککەوتنە ئەمنییەکەمان لەگەڵ نەمسا بە مانای زیادکردنی هیچ هێزێکی بیانی بۆ عێراق نایەت، بەڵکوو لەسەر بنەمای ڕاوێژی سەربازی و راهێنانە".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەکو ئەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق باسی کرد، لەگەڵ ئه‌لیكسانده‌ر تشالنبێرگ، باسیان لەو هاووڵاتییە عێراقییانە کردووە کە لە نەمسا دەژین و ژمارەیان نزیکەی 30 هەزار کەس دەبێت.

لەلایەن خۆیەوە، ئه‌لیكسانده‌ر تشالنبێرگ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا راگەیاند و گوتی، "ئێمە لێرەین لە بەغدا بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا ئاشکراشی کرد، "ئەمڕۆ رێککەوتنێک لە بواری ئاسایشی ناوخۆ لە عێراق واژوو دەکەین و هیوادارین رۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێت". عێراق، وەکو ئەوەی وەزیری دەرەوەی نەمسا ئاماژەی پێ دا، "رۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە دەگێڕێت".

لە ساڵی 1991ـەوە، نەمسا باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا داخستووە و تەنیا نوێنەرایەتییەکی بازرگانی لە بەغدا هەبووە و لە ماوەی رابردووش، چەند جارێک عێراق بە فەرمی داوای گەڕانەوەی نوێنەرایەتی دییپلۆماسی ئەو وڵاتەی کردووە بۆ بەغدا.

لە ئەیلوولی 2021، لەمیانی کۆبوونەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە ڤییەننا، داوای دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی کرد لە بەغدا، کە زیاتر لە 30 ساڵە کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە وڵاتی ئوردن ئەنجام دەدرێت.

دواتریش لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، حکومەتی نەمسا بڕیاریدا جارێکی دیکە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا بکاتەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ عێراق بباتە ئاستێکی بەرزتر.aà





ئەم هەواڵە 364جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad