ZNA - هەولێر
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند، کە مۆسکۆ و ئەنقەرە چالاکانە پرسی فراوانکردنی ئاڵوگۆڕەکان بۆ دراوی نیشتمانی تاوتوێ دەکەن.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "ئێمە چالاکانە لەگەڵ هاوبەشە رووسییەکانمان باس لەو بوارانە دەکەین کە دەتوانین گۆڕانکاری تێدا بکەین بۆ دراوی نیشتمانی"، ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم پڕۆسەیە لە کەرتی وزەدایە، هەروەها لە هاوکارییەکانمان لە بواری کڕینی غازدا".
سەرچاوەکە دەشڵێت: "پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەهەموو بوارەکاندا لە گەشەکردندایە، بەو پێیەش ڕێنماییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا و رووسیا جێبەجێ دەکەین کە ئاماژەیان بە کاریگەریی ئەم هەنگاوە کردووە"، هەروەها "پرۆسەکە ئاسان نابێت، بەڵکوو شتە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسی و ئەرکی تایبەت هەبێت".
پێشتر ڕۆژنامەی ئایدنلیک بڵاویکردەوە، بازرگانی تورکیا قەبارەی کارە بازرگانییەکانی لە ڕێگەی کۆمپانیا بازرگانییە ئەلیکترۆنییەکانی رووسییەوە زیاد دەکات، کە پارەدان بە ڕۆبڵ دەدرێت، لە حەوت مانگی ئەمساڵدا هەناردەکردن بە بەهای 428.8 ملیۆن دۆلار بە ڕۆبڵ دراوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، کۆی قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ رووسیا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە حەوت ملیار و 465 ملیۆن دۆلار. هاوردەکردنیش لە رووسیا لە هەمان ماوەی ساڵدا 31 ملیار و 804 ملیار دۆلار بووە.
ئەم هەواڵە 235جار خوێندراوەتەوە |