ZNA- هەولێر
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ئەیلوول، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی بڵاویکردەوە، لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە کەمپی "عەین ئەلحیلوە"ی پەنابەرانی فەلەستینی لە لوبنان، ٦ کەس کوژراون.
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدا دەستیان پێکردەوە کە گروپە فەلەستینیەکانی "فەتح" و "حەماس" هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ دامەزراندنی ئاگربەست لە کەمپی "عەین ئەلحیلوە" دەستپێکردووە.
پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە نزیک سیدۆن بووە هۆی ئەوەی فەتح و حەماس نوێنەریان بە مەبەستی هیورکردنەوەی ڕەوانەی لوبنان بکەن.
فەتح و حەماس لەسەر پێویستیی ئاگربەست لەم کەمپە پەنابەرانەی فەلەستینی یەک هەفتە دوای دەستپێکردنەوەی پێکدادانی خوێناوی ڕێککەوتن.
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گرووپی "فەتح"ی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی فەلەستین و گرووپە توندڕەوەکان لە ٧ی ئەیلول لە کەمپی عەین ئەلحیلوە کە دەکەوێتە پەراوێزی شاری سیدۆنی کەنار دەریا کە بە گەورەترین کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە لوبنان دادەنرێت، دەستیپێکردەوە.
ئەم هەواڵە 70جار خوێندراوەتەوە |