English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
رۆژێک پێش ساڵیادی ژینا ئه‌مینی، ئەمەریکا سزای چەند بەرپرس و کۆمپانیای ئێرانی دا
2023-09-16 [10:33 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت ئەمڕۆ ئۆفیسی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا 29 کەس و لایەنی دەستنیشان کردووە کە پەیوەندییان بە سەرکوتکارییە توندوتیژەکەی ڕژێمی ئێرانەوە هەیە دژی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی وڵاتەکە دوای مەرگی مەهسا ' ژینا ' ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا، هەروەها پەیوەندییان بە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕژێمەکەوە هەیە بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و کۆتوبەند خستنەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتێکی ئازاد و کراوەدا.

وتیشی ئۆفیسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر 18 ئەندامی سەرەکی هێزەکانی ئاسایشی ڕژێمەکە و سوپای پاسداران و پۆلیسدا، هەروەها سزاکان سێ دەزگای هەواڵی ئێرانیش دەگرێتەوە، دەزگای هەواڵی فارس و تەسنیم و پرێس تیڤی، لەگەڵ سێ بەرپرسی باڵای دیکەدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ هاوبەشەکانی وەکو بەڕیتانیا و کەنەدا و ئوستڕاڵیا و ئەو هاوبەشانەی دیکەش کە سزا دەسەپێنن بەسەر ئەو کەسانەدا کە باوەڕ وایە بەشداربووبێتن لە سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێراندا.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خەزێنەی تیرۆر و هەواڵگری دارایی، بڕایان نیڵسن، وتی " لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی یەکەمی مەرگە بێ بەزەیی و کارەساتەکەی مەهسا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا، تیشک دەخەینەوە سەر ئەوەی کە جووڵانەوەکەی پیاوان و ژنان لە سەرانسەری ئێراندا، بە سەرجەم چین و باوەڕەکانەوە، ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی ترسناک و گرتنی بە کۆمەڵ و پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت بووەوە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە."

وتیشی " ئەمەریکا شان بە شانی بەڕیتانیا و کەنەدا و ئوستڕاڵیا و هاوپەیمان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری کاری بە کۆمەڵ دژی ئەوانەی کە مافی مرۆڤی ئێرانییەکان " سەرکوت دەکەن.

ئەمە 13 هەمین جارە ئۆفیسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو بەرپرس و لایەنە ئێرانییانەدا کە دەستییان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا کە لە مانگی نۆی ساڵی 2022 دا سەریانهەڵدا.

لە ئێستادا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزای قەدەغەکردنی ڤیزای بۆ 13 بەرپرس و کەسی ئێرانیدا سەپاندووە بەهۆی ئەوەی دەستییان هەبووە لە گرتن یاخود کوشتنی خۆپیشاندەران یاخود پێشێلکردنی مافەکانییان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە.

ژینا کە مەهسایشی پێ دەگوترا، کچە کوردێکی 22 ساڵانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو؛ 16ی ئەیلوولی پار، بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دواتر گیانی لەدەستدا. باوکی ژینا ئەو کات بە رووداوی گوت، کچەکەی بە دەستی پۆلیس کوژراوە. 





ئەم هەواڵە 55جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad