English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وته‌كه‌ی نێوانیان، ئێران پێنج هاوڵاتی ئه‌مه‌ریكی ئازاد كرد
2023-09-18 [06:19 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

ئه‌مڕۆ دووشەممە ئەمەریکا و ئێران ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیان جێبەجێ کرد کە بریتی بوو لە ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمەریکایی کە حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت بە ناڕەوا لە ئێران دەستبەسەر کراون.

ناسنامەی سێ لەو ئەمەریکاییانەی لە ئاڵوگۆڕەکەدا ئازادکراون ئاشکرا کراوە کە بریتین لە سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی و موراد تەهباز، لەگەڵ دوو ئەمەریکایی تر کە لە دەستبەسەری ماڵەوەدابوو.

جۆو بایدن، سەرۆک ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "سوپاسی هاوبەشەکانمان لە ناوخۆ و دەرەوە دەکەم بۆ هەوڵە بێوچانەکانیان بۆ یارمەتیدانمان لە گەیشتن بەم ئەنجامە، لەنێویاندا حکومەتەکانی قەتەر، عومان، سویسرا و کۆریای باشوور".

بەرپرسانی باڵای بەڕێوەبەرایەتی بایدن بە ڕۆژنامەنووسانیان ڕاگەیاند، ئاڵوگۆڕکە بە شێوەیەک بووە کە فڕۆکەیەکی قەتەری کە لە ئێرانەوە بەرەو دەوحە ڕۆشت پێنج ئەمەریکاییە ئازادکراوەکەی هەڵگرتبوو، کە دایکی نەمازی و هاوسەرەکەی تەهبازیشیان لەگەڵدا بوو کە پێشتر نەیانتوانیبوو ئێران بەجێبهێڵن.

لە دۆحەوە بڕیارە ئەو گروپە بە فڕۆکە بەرەو واشنتن بێن بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان شادببنەوە. بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەمووان دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی چاکبوونەوە و هاتنەوە سەرخۆ و دەگات کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە پێشکەش دەکرێن.

ئەو پێنج ئێرانیەش کە بە تاوانی ناتوندوتیژی لە ئەمەریکا تۆمەتبار کراون یان سزا دراون بەپێی ئەو ڕێککەوتنە لێخۆشبوونیان وەرگرتووە بریتین لە کاوە لوتفۆڵا ئەفراسیابی، مێهرداد ئەنساری، ئەمین حەسەنزادە، ڕەزا سەرهەنگپوور کفرانی و کامبیز عەتار کاشانی.

کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی بایدن دەڵێن ئەو ئێرانیانەش بە ڕێگەی دۆحە دەگەڕێنەوە ئێران.

ئەنساری و کافرانی هیچ پێگەیەکی یاسایی ئەمەریکییان نییە. ئەفراسیابی و حەسەن زادە دانیشتووی هەمیشەیی ئەمەریکان، لە کاتێکدا کاشانی دوو ڕەگەزنامەی ئێرانی ئەمەریکایی هەیە.

ئاڵوگۆڕی ئەم زیندانیانە لە ڕێککەوتنێکدا کە بەنێوەندگیری دۆحە ئەنجام دراو و تیایدا شەش ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێرانیش ئازاد کرا.

ئەو پارانە بۆ بەکارهێنان تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی دیاریکراون، وەک خۆراک و دەرمان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی بایدن بە ڕۆژنامەنووسانیان ڕاگەیاندووە، ئەو سیستەمە بەشێوەیەک دانراوە، کە زۆر دڵنیان لەوەی مەترسی لادانی پارەکە بۆ مەبەستی دیکە زۆر کەمە و ئەگەر لادانێک ڕووبدات، ئەوا هەژمارە بانکییەکان دادەخرێن.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، جگە لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، ئەمەریکا سزای نوێش بەپێی یاسای لڤینسن دەردەکات، چونکە داوا لە ئێران دەکات وردەکاری تەواو بدات لەسەر ڕۆبەرت لیڤینسن، کارمەندی پێشووی ئێف بی ئای کە لە بارودۆخێکی ناڕووندا لە ساڵی 2007 لە ئێران بێسەروشوێن بوو.

ئەوانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران و مەحمود ئەحمەدی نژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران.

 

voa





ئەم هەواڵە 532جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad