ZNA-هەولێر ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 1932 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە.
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە لە هەر ئۆنسەیەکدا نزیکەی 10 دۆلار بەرزببووەوە و لە 1922 دۆلارەوە گەیشتە نزیکەی 1932 دۆلار.
بازرگانانی زێڕ پێیانوایە سبەی (چوارشەممە) لە دوای کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بانکەکە بڕیار لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی نادات، ئەوەش پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
ئەگەری دووبارە داخستنەوە و بێ بودجە بوونی حکومەتی ئەمریکا، هەندێک پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا تەنیا دوو هەفتەیان لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی بودجەی نوێی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکا پەسندبکەن.
کۆمارییەکان رەخنەیان لە کەمکردنەوەی بودجەی بەرگری هەیە، بەوپێیەش ئەگەری هەیە دووبارە پەسندکردنی بودجەی خەرجییەکانی ئەمریکا کێشەی تێبکەوێت.
بازرگانانی زێڕ پێیانوایە؛ ئەگەری کەمە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سبەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، بەڵام رەنگە بانکەکە بەهۆی هەڵکشانی هەڵاوسان لە مانگی رابردوو، هەڵوێستێکی تووند بگرێتەبەر و بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگەکانی داهاتوودا رابگەیەنێت.
ئەم هەواڵە 46جار خوێندراوەتەوە |